لە ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ ملیار دینار تەنیا بۆ پرۆژە خزموتگوزارییە هەرە بچووکەکان خەرج کراوە

ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ٢ ساڵی سەخت و تاقەتپڕوکێنی کۆڕۆنادا گوزەری کرد، کە یەکێک بوو لە حکوومەتە هەرە زیانمەندەکانی دەستی ئەو پەتایە، هەم بەهۆی زۆری توشبووانی کۆڕۆنا و هەم بەهۆی ئەو کاریگەرییە نێگەتیڤانەی کۆڕۆنا لەسەر نرخی نەوت و کەرەنتینەی گشتی لەسەر داهاتی ناوخۆ هەیبوو، بەڵام لە ساتە هەرە دژوارەکاندا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی فەرامۆش نەکرد و بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنیان.

لە ئێستادا ئەگەرچی نرخی نەوت بەرز بوونەوەی بەخۆی بینیووە و داهاتی ناوخۆ ڕوو لە ئاستی ئاسایی خۆیەتی، بەڵام جارێکی دیکە حکوومەتی مەرکەزی دەیەوێت سزای سیاسی بەسەر خەڵک و حکوومەتی هەرێمدا بسەپێنێت وەک کارتی فشار لە ئان و ساتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی کە لە سایتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و میدیا و زانیاری بڵاویان کردووەتەوە، تەنیا لە ساڵی نوێدا کە ٣ مانگی لێ تێپەڕیووە، نزیکەی ٥٠ ملیار دینار تەنیا بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییە بچووکەکان خەرج کراوە، جگە لەوەی بەردی بناغەی دەیان پرۆژەی ستراتیژی لە سەرجەم شاروشارۆچکەکان دانراوە و بودجەی شایستەیان بۆ دابین کراوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی لای ڕۆژنامەی هەولێر هەیە، تەنیا لە بواری ئاوەڕۆدا و لە پێناوی گەیاندنی ئاو بۆ هاوبەشانی ئاو لە ناوچە دوورە دەستەکان، زیاتر لە ٥ ملیار دینار لەو ماوەیەدا خەرجکراوە. سەربارەی ئەوەی حکوومەتی هەرێم، لەم ماوەیەدا میحنەی تایبەتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خەرجکردووە، کە نزیکەی ٣ ملیار دەبن.
لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی ٥ ملیار دینار تەرخانکراوە تەنیا بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان و دروستکردنی دووسایدی نوێ و پێکەوە بەستنی شارەکان. هەو لەو ماوەیەدا حکوومەتی هەرێم قوتابخانە و نەخۆشخانەی مۆدێرنی لە چەندین شاروشارۆچکە دروستکردووە، کە بەلای کەمی بودجەی تەرخانکراو بۆ هەر یەکێکیان سەرووی ٢ ملیار دینار بووە.
حکوومەتی هەرێم گرنگی بە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان داوە و لە بواری کەلەپوری و نۆژەنکردنەوەی خانە کەلەپورییەکان نزیکەی ٢ ملیار دیناری تەرخان کردووە، وەک نۆژەن کردنەوەی خانە کەلەپورییەکانی ئاکرێ.
جگە لە بودجەی تایبەت بۆ کەرتی پەروەردە و تەندروستی کە دەیان ملیار دینار بووە تەنیا لە مانگێکدا، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم بودجەی تایبەتی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ خەرج کردووە و بەدەم داوا و کێشەی جووتیارانەوە بووە، وەک لە مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار، وەک هەنگاوێکی گرنگی خزمەتکردنی جوتیاران و پاڵپشتی لە بەروبوومی ناوخۆیی و پارێزگاری کێڵگەکانی کشتوکاڵی لە نەخۆشیە وەرزییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، سێکتەری کارەبا و بابەتی ژینگە پارێزی دوو سێکتەری جێگای بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونە و بودجەی زۆریان بۆ تەرخان کراوە.
سەرباری ئەمانەش، ٢ گرفتی سەرەکی لەبەردەم حکوومەتی هەرێمدا هەر ماون، یەکێکاین شەفاف نەبوونی داهاتی گومرگ و ناوخۆ، لە پارێزگای سلێمانی و گرفتی دووەمیش حکوومەتی مەرکەزی لە بەغدا، کە ناچێتە ژێر باری هیچ ڕێککەوتنێک و بە پێی میزاجی سیاسی و عقدی سیاسی بڕیار دەدات و پەشیمان دەبێتەوە، بە بڕوای شارەزایەکی ئابوری، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئابوریانە و جددیانە خەمی بەرزکردنەوەی داهاتی نەخواردبا ئاسان نەبوو لەژێر ئەم بارانە بە پێوە بمێنێت، بەڵکو لە هەرەسی ئابوری تەواو نزیک دەبووەوە کە لە ئێستادا پێچەوانەکەی ڕاستە و کوردستان لە بەردەم گەشەی ئابوریدایە سەرباری هەموو حاڵەتەکان. بە بڕوای ئەو شارەزایەی بواری ئابوری، داهاتی پارێزگای سلێمانی شەفاف بکرێت و بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، ئەوا چی دیکە شتێک نامێنێت بەناوی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بەڵکو دەتوانرێت ژێرخانی ئابوریشی پێ بنیادبنرێت.

ھەواڵی زیاتر