گرانی نرخی شتومەک و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری

لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان لە بەرزبوونەوەدایە، بە ڕادەیەک کە گرانی تەنگی بە ھاوڵاتیان ھەڵچنیوە و بەھۆی نەبوونی چاودێر و لێپرسینەوە لەم بارودۆخەش، تا دێت دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات.

ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانی ئەم دۆخەن و بەدەست گرانی نرخی بازار و پێداویستیە سەرەتاییەکان دەناڵێنن و پسپۆرانی بواری ئابووری و بازرگانانیش ھۆکارەکەی دەگەرێننەوە بۆ بەرزی نرخی دۆلار وئاماژە بەوە دەکەن گرانبوونی کەلوپەلەکان لە دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی دێت دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو، حکومەتی عێراق گۆڕانکاری کرد لە بڕ و نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و نرخی خستنەڕووی لە ١١٨ ھەزار دینارەوە بەرزکردەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار.
شارەزایانی بواری ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕاستە بەرزی نرخی دۆلار پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە بابەتەکەوە ھەیە بەڵام جگە لەوەش بازرگانەکانیش بەرپرسن لەم بارودۆخە و لە لایەکی تریشەوە لایەنی دەسەڵات باج و سەرانەیەکی زۆر دەخەنە سەر کەلوپەلەکان لەو نێوەندەشدا ھاوڵاتیانی ئاسایی زەرەرمەند دەبن و توانای دابین کردنی پێداویستییەکانیان نابێت.
جیا لەمانە ھۆکارێکی تری گرانی بازارەکان دەگەرێتەوە بۆ کەمی یان نەبوونی بەرھەمی خۆماڵیی ئەوتۆ کە بتوانێت ڕکابەری بەرھەمە ھاوردەکان بکات و بە ھۆیەوە نرخەکانیان لەسەر کەم بێتەوە. .
ھاوکات بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار تەنیا ماددە خۆراکییەکانی بەرزنەکردووەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی گواستنەوە و خزمەتگوزارییە ئەهلییەکان و کە هەندێکیان هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە نییە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بەزووترین کات رێگەچارەیەکی ئابووری گونجا و لەگەڵ سزادانی بازرگانە چاوچنۆکەکان بگرێتە بەر.
دەستەی ئاماری هەرێم کە ساڵانە رێژەی هەژاری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ روپێوییەکی رێژەی هەژاری نەکردووە، بەڵام بەپێی خشتەی ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر کە بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە و بەراوردی کردووە بەو دوو مانگەی سەرەتای ساڵی رابردوو دەردەکەوێت نرخی سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر دابەزینی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و زیادبوونی رێژەی هەژاری.
بەھۆی ئەم بارودۆخەی کە ڕووی لە ھەرێم و شارەکانی تری عێراق کردووە، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ داوای راگەیاندنی دۆخی لەناکاو دەکات.
هاوکات بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق و بانکی جیهانی لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک لەسەر چواری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، واتە نزیکەی ١٠ملیۆن کەس رۆژانە بە داهاتی کەمتر لە دوو دۆلار دەژین.
دابەزینی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و زیادبوونی هاوردە، وایکردووە کە هاووڵاتیانی عیراق توانای کڕینی کەلوپەلی رۆژانەیان کەمبێتەوە.
ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانان لە کاتێکدایە کە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عیراق لە حکومەت داوایکرد دۆخی لە ناکاوی مرۆیی رابگەیەنێت، ھاوکات ئاماژەشیان بەوە کرد: بەرزبوونەوەی نرخی مادەی خۆراکی لە بازاڕدا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری هێڵی هەژاری لە وڵاتد.

ھەواڵی زیاتر