پۆلیسی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە 

ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێكی لەبارەی كوژرانی هاووڵاتییەك بڵاوكردەوە و رای گەیاند ئەو کوڕەی لە شەقامی 150 مەتری کوژرا، هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی داوە، کچەکەش داوای بەهاناوەچوونی کردووە.

لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە “دوێنێ يەكشەممە كاتژمێر نۆی شەو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە شەقامی 150 مەتری، نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بانکی منارە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەرکەوت کەسێک بەناوی سادق عەبدولخالق جەمال کوژراوە، لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای ئەکسێنت، هەروەها هاوڵاتییەکی ئافرەتی لەگەڵ بووە”.

دەشڵێ پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کوژراوەكە هەوڵی دەستدرێژی داوە بۆ سەر کچەکە و ئەویش داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی بانکی منارە کە سەر بە هێزەکانی زێرەڤانیین، گەیشتوونەتە لای ئۆتۆمبێلەکە بۆ بە هاناوەچوونی کچەکە، بەڵام شوفێرەکە ویستوویەتی رابکات، لە ئەنجامدا تەقە کراوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی شوفێرەکە، هەردوو تۆمەتبار خۆیان ڕادەستی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر کرد، ئێستا تۆمەتباران و کچەکەش به بريارى دادوەرى لێكۆڵينەوه بەپێی مادەى 405 له ياساى سزادان، لەلای هێزەكانى پۆلیس لەژێر لێکۆڵینەوەن و راگيراون.

ھەواڵی زیاتر