وەزیری كارەبا: ئێستا 13 بۆ 16 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى به‌ هاووڵاتییان دەدەین

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەگەر ئێمە باسی مانگی 12، یان مانگی 2 بکەین، تەنیا 12 کاتژمێر و 20 خولەک کارەبامان دابوو، بەڵام ئێستا لەم چەند هەفتەیە، نزیکەی 13 بۆ 16 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى به‌ هاووڵاتییان دەدەین”.

وەزیری کارەبا بۆ (دەنگی ئەمریكا) گوتیشی: “ئێمە ژێرخانێکمان هەیە، کە شەش هەزار و 700 مێگاواتە، ئەگەر ئەمڕۆ سووتەمەنی هەبێت ئەو بۆ وێستگانەی ئێستا هەن، دەتوانین شه‌ش هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنین، بەڵام ئەو غازەی هەمانە 450 پێ سێجایە، ئەوە بەش ناکات، ئێستا 14 بۆ 15 یەکە، هەریەکەی 425 مێگاوات دەدەن، لەبەر بابەتی سووتەمەنی وەستاون و کار ناکەن، وەک پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ساڵی داهاتوو لە مانگی چوار غاز زیاد دەبێت، ئەوکاتە دەتوانین یەکەکانی خۆمان ئیش پێبکەین و دۆخی کارەبا بەرەو باشتر بچێت”.

کەمال محەمەد، باسی تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكات و ئاشكرای دەكات: “ئەگەر ئێمە بەراورد بکەین، تێچووی یەکەی کارەبا لەسەر حکوومەت نزیکەی 88 بۆ 90 دینارە، بەڵام بە تێکڕا هاوبەشانی كارەبا 30%ی پارەكە دەدەن، ئەوی دیكە پاڵپشتیی حکوومەتە بۆ هاووڵاتییان، وەزارەتی کارەباش یەکێکە لە وەزارەتەکان، کە داهاتی تا ئەندازەیەک باشە بە بەراورد بە وەزارەتەکانی دیكە، بەڵام وەکو داهات من باسی وەزارەتی خۆم دەکەم، کە داهاتی وەزارەت دەچێتە وەزارەتی دارایی ودەبێتە بەشێک لەگەڵ داهاتی نەوت و لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێت، دەبێتە مووچە بۆ مووچەخۆران، هەرچەندە لە 26 مانگدا تەنیا 12 مانگ لەو بڕە پارەیەی بەغدا هاتووە”.

جەختی كردەوە، لە ساڵی 2021، داهاتی وەزارەتی كارەبا 586 ملیار دینار بووە، لەمە بڕەدا 10% بەردەستیان بووە، ئەوی دیكە هەمووی چووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی

ھەواڵی زیاتر