ئەمساڵ بە سەرمایەی زیاتر لە ٧١ ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دراوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ مۆڵەتمان بە ١٢ پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ھەرێمی کوردستان داوە بە سەرمایەی ٧١ ملیۆن و ٤٧٠ ھەزار و ٣٨٠ دۆلار کە ١٤٤ دۆنم زەوییش بۆ ئەو ١٢ پڕۆژەیە تەرخان کراوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ وەکوو دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتمان پێ داون لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەکوو ١/٣/٢٠٢٢وە لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەت بە ١٢ پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە لە پارێزگاکانی ھەولێر پێنج پڕۆژە و لە سلێمانی پێنج پڕۆژە و لە دھۆک یەک پڕۆژە و لە ئیدارەی ڕاپەرینیش یەک پڕۆژە کە دەکاتە ١٢ پڕۆژە .

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ”پڕۆژەکانیش ئەوانەی ھەولێر بە سەرمایەی ٢٣ ملیۆن و ٩١٢ ھەزار و ٨٠٩ دۆلارە لەسەر ڕووبەری ٣٧.٢ دۆنم زەوی و ئەوانەی سلێمانی بە گوژمەی ٤٠ ملیۆن و ٥١٢ ھەزار و ٥٧ دۆلار لەسەر ڕووبەری ٧٧.٩ دۆنم زەوی و پارێزگای دھۆک بە گوژمەی پێنج ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری ٢٥ دۆنم زەوی و ئیدارەی ڕاپەرین بە گوژمەی دوو ملیۆن و ٤٥ ھەزار و ٥١٦ دۆلار لەسەر ڕووبەری چوار دۆنم زەوی کە کۆی گشتیی پارەکە دەکاتە ٧١ ملیۆن و٤٧٠ ھەزار و٣٨٠ دۆلار و کۆی ئەو زەویەی تەرخانیش کراوە بۆ ئەو پڕۆژانە ١٤٤ دۆنم زەوییە.

سەرۆکی دەستەی وبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پڕۆژەکانیش لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و فێرکردن و تەندروستی و کشتوکاڵ و وەرزشین.

ھەواڵی زیاتر