ئەمساڵ بەشەخۆراکی زیاتر دابەش دەکرێت

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیارە ئەمساڵ بەشەخۆراکی زیاتر دابەش بکرێت و دەڵێت، دابەشکردنی خۆراک لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە کاریگەریی لەسەر نرخی بازاڕیش دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق توانیی تەنیا پێنج بەشەخۆراکی مانگانە لەسەر ھاووڵاتییان دابەش بکات و ئەوەش ھۆکار بووە کە نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بەرز ببێتەوە، چونکە دابەشکردنی بەشەخۆراک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی بازاڕیش ھەیە.” بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: “بڕیارە ئەمساڵ بەشەخۆراکی زیاتر لەسەر ھاووڵاتیان دابەش بکرێت و ئێستا دەست بە دابەشکردنی کراوە و خۆراکێکی زۆریش گەیشتووەتە کۆگاکانی ھەرێمی کوردستان.”
لەبارەی کاریگەریی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ سەر نەمانی بەرھەمی گەنم لە عێراق، نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە: “بەشی پێویستی ئارد گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و ھیچ کێشەیەکی کەمیی ئارد پەیدا نابێت، چونکە بەپێی ئەو گرێبەستانەی کراون بەشی پێداویستیی ھەموو مانگێکی ھاووڵاتییان دابین کراوە.”

ھەواڵی زیاتر