هەفتەی داھاتوو بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی کۆڕبەندی پیشەسازی بەڕێوە دەچێت

بڕیارە حەفتەی داھاتوو کۆڕبەندێکی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێت، سەرۆکی حکوومەت بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکات و مەبەست لەو کۆڕبەندەش ڕەخساندنی بازاڕە.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتەکە لەگەڵ وەبەرھێنەرانی کەرتی پیشەسازی کۆ بووینەتەوە و لە نزیکەوە گوێمان لە کێشە و گرفتەکانیان گرتووە، پێشنیازەکانیشیان وەرگیراون بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.”

سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان گوتیشی: “یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم بووژاندنەوە و پێشخستنی کەرتی پیشەسازییە لە ھەرێمی کوردستان، ئەویش لەپێناو گرینگیدان بە بەرھەمی ناوخۆیی و لەو چوارچێوەیەشدا ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەران کراوە.”

د. محەمەد شوکری ڕوونیشی کردەوە: “بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی پیشەسازی بەڕێوە بچێت، کە مەبەست لە کۆڕبەندەکە ڕەخساندنی بازاڕ و کارە لە کەرتی پیشەسازیدا.”

ھەواڵی زیاتر