هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

به‌رهه‌م ساڵح فه‌رمانی ئازادكردنی بازرگانه‌كه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ری كشانده‌وه‌

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ردوو مه‌رسوومی ژماره‌ 1 و 2ی كۆماری تایبه‌ت به‌ ئازادكردنی بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر كشانده‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار داوای كشاندنه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌رسوومی كۆماریی ژماره‌ 1 و 2ی تایبه‌ت به‌ ئازادكردنی سێ بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر كرد، كه‌ یه‌كێكیان كوڕی لوئه‌ی ئه‌لیاسری، پارێزگاری پێشووی نه‌جه‌فه‌ و له‌سه‌ر بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركرابوون.
دوای كشاندنه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌رسوومه‌كه‌، سه‌رۆك كۆماری كاربه‌ڕێكه‌ی داوای له‌ لایه‌نه‌كانی دادگا كردووه‌، رێكاری پێویست بۆ دووباره‌ ده‌ستگیركردنه‌وه‌ی جه‌واد لوئه‌ی ئه‌لیاسری و دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ بگرنه‌به‌ر و داواشی له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی داد و ناوخۆ كردووه‌، تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیر بكه‌نه‌وه‌ و بیانگوازنه‌وه‌ بۆ دامه‌زراوه‌كانی چاكسازی.
به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق واژووی له‌سه‌ر هه‌ردوو مه‌رسوومی كۆماری ژماره‌ 1 و 2 كرد و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئازادكردنی سێ بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان نیشاندا، كه‌ یه‌كێكیان كوڕی لوئه‌ی ئه‌لیاسری، پارێزگاری پێشووی نه‌جه‌فه‌ و به‌ر له‌ ته‌واوكردنی سزاكه‌یان له‌ دامه‌زراوه‌ی چاكسازی، به‌رهه‌م ساڵح بڕیاری ئازادكردنی ئه‌وانی دا.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌رهه‌م ساڵح كاردانه‌وه‌ی توندی شه‌قامی عێراقیی به‌دوای خۆیدا هێنا و جگه‌ له‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نی، خه‌ڵكی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقیش رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و ناڕزایه‌تییان به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆك كۆماری كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌ربڕی. دوای ئه‌و كاردانه‌وانه‌ش، ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌و كه‌یسه‌ ئه‌نجامدا و داوای كشاندنه‌وه‌ی مه‌رسوومه‌كانی كرد.