هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کڕیارانی وەرین سیتی دوای پێدانی کۆی پارەکە و ١٢ ساڵ چاوەڕوانی یەکەکانیان تەواو نەکراوە

كڕیارانی وه‌رین سیتی كه‌ بڕیاربوو دوای دوو ساڵ له‌ نێو یه‌كه‌كانیان ژیان بكه‌ن، كه‌چی به‌پێدانی كۆی پاره‌كه‌ و دوای ١٢ ساڵ چاوه‌ڕوانی، هێشتا یه‌كه‌كانیان هه‌ر هه‌یكه‌له‌، كڕیاران كه‌ له‌ داوای مافیان ده‌رگا نه‌ماوه‌ سه‌ری پێدا نه‌كه‌ن و چه‌ندان جاریش ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، نائومێدی لولیداون و چاویان له‌ به‌زه‌یی خوایه‌.

١٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌ هیوای ده‌ربازبوونی له‌ كرێچێتی، وریا عه‌بدلره‌حمان قادر به‌ كاش شوقه‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌ی وه‌رین سیتی ده‌كڕێت، ئه‌و كه‌ هه‌رچی هه‌یه‌تی و نییه‌تی له‌ ده‌ستی كۆمپانیای جێبه‌جێكاری ده‌كات، بڕیاربوو دوای كه‌متر له‌ دوو ساڵ بچێته‌ نێو یه‌كه‌كه‌ی، كه‌چی هێشتا شوقه‌كه‌ی خۆی نه‌دیوه‌ و باڵه‌خانه‌كه‌ی هه‌ر نیوه‌چڵه‌، وریا ده‌ڵێ “له‌ ٢٠١٠ه‌وه‌ هه‌شت ده‌فته‌رمداوه‌، ئێستاش دیار نییه‌ كه‌ی ده‌چمه‌ نێو خانوه‌كه‌مه‌وه‌”.
ده‌ست سوتاوان به‌ ئاگری وه‌رین سیتی، یه‌ك و دوو نین و مامۆستا سه‌روه‌ت عه‌بدوڵڵا كڕیارێكی دی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی له‌ پڕۆژه‌ی وه‌رین سیتی كڕیوه‌، ته‌مه‌نی خوار ٦٠ ساڵ بووه‌ و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی كردووه‌، كه‌ ئێستا و دوای ١٢ ساڵی دی، به‌رنامه‌ و تێڕوانینی بۆ ژیان زۆر جیاوازه‌، ئه‌و ده‌ڵێ “سه‌ردانی هه‌ر شوێنێك ده‌كه‌ین، وه‌ڵاممان نادرێته‌وه‌، ئومێدێكمان به‌ به‌زه‌یی خوا و هه‌وڵی سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌ له‌و گرفته‌یه‌ نه‌جاتمان بدات”.
كه‌سانێكی دی له‌ شه‌كه‌تی به‌دواكه‌وتنی مافه‌كانیان، هیچ ئومێدێكیان نه‌ماوه‌. شیلان كڕیارێكی دی پڕۆژەكه‌یه‌، به‌ نائومێدی و بێزارییه‌وه‌ ده‌ڵێ”هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رپرس و ئه‌و كاربه‌ده‌ستی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت گفتوگۆ ده‌كه‌ین و ناگه‌ین به‌هیچ، دوای ١٢ ساڵ تازه‌ لیژنه‌ دروست ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستیانه‌ كه‌یس كه‌یس وردبینی بۆ بكه‌ن، كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌وه‌كانیشمان یه‌كه‌كان وه‌رناگرن”.
خێزانه‌كانی شیلان كه‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كیان له‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌یه‌ و یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی به‌دواداچوون بۆ مافیان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێ “كاری ئێمه‌ له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت قه‌تیسماوه‌ و نایكه‌ن، نازانین بۆ؟ تا سه‌ر ئێسقان نائومێدین و نازانین ڕوو له‌كوێ بكه‌ین”.
نائومێدی كڕیاران دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ له‌داوای مافیان شوێن نه‌ماوه‌ سه‌ریپێدا نه‌كه‌ن و هانای بۆ نه‌به‌ن، چه‌ندین جاریش ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام تا ئێستاش له‌ چاوه‌ڕوانیدا ماونه‌ته‌وه‌.
پڕۆژه‌ی وه‌رین سیتی، كه‌ له‌سه‌ر به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری و ڕێگای سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌، له‌ ١٥ی ئابی ٢٠١٠، به‌ نووسراوی ژماره‌ ٢٨٤ مۆڵه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر پێدراوه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ نزیك به‌ هه‌زار و ٥٠٠ شه‌قه‌ و ڤێللا له‌خۆ ده‌گرێت و كۆمپانیای ڕه‌نج پڕۆژه‌كه‌ی جێبه‌جێی ده‌كرد، به‌پێی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كڕیارانی، بڕیاربوو دوای دوو ساڵ یه‌كه‌كان ته‌سلیم بكرێت.
ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ سامان عاره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێره‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌درایه‌وه‌.
دوو ساڵ له‌مه‌و به‌ریش، به‌هۆی دواكه‌وتن و ته‌واونه‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ و فرۆشتنه‌وه‌ی چه‌ند یه‌كه‌یه‌كێكی به‌ زیادتر له‌ كه‌سێك و فرۆشتنی یه‌كانێك، كه‌ له‌ نه‌خشه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا هه‌ر بوونی نییه‌، له‌ ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٠، به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، پڕۆژه‌كه‌ له‌ كۆمپانیای ڕه‌نج وه‌رگیرایه‌وه‌ و به‌ كۆمپانیای شانتی سپێردرا.
له‌ به‌رانبه‌ر ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ش، ڕێگه‌ به‌ وه‌به‌رهێنی نوێ درا به‌ زیادكردنی ، شووقه‌ و ٢٠٠ خانوو له‌ شوێنی سه‌وزایی سنووری پڕۆژه‌كه‌، تا بۆ خۆی بیانفرۆشێته‌وه‌، هاوكات ڕووبه‌ری ٤٠ هه‌زار مه‌تر له‌ گردجوتیار بێ به‌رانبه‌ر به‌ كۆمپانیا درا، كه‌چی دوای ته‌واوكردنی نزیك به‌ ٣٠% ی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه‌، جارێكی دی كاره‌كان له‌ پڕۆژه‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌.
ئێستا كه‌ به‌هۆی وه‌رگرتنه‌وه‌ی له‌ وه‌به‌رهێنی پێشوو و پێدانی سپاردنی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ به‌ وه‌به‌رهێنێكی دی، له‌ دیزاینی نوێی پڕۆژه‌كه‌‌ شوێنی سه‌وزایی نه‌ماوه‌ و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیاین لێ قیتكراوه‌ته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌و ١٢ ساڵه‌دا كه‌ ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش تا ڕاده‌یه‌ك نرخه‌كانی دابه‌زاندن، به‌ گوته‌ی كڕیاران باس له‌وه‌ ده‌كرێت، شوێنی یه‌كه‌كان له‌ باشترینه‌كانی هه‌ولێره‌ و كاتی خۆی ئه‌و یه‌كانه‌ هه‌رزان به‌ كڕیاران فرۆشراون!.