٤٣ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمردا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٤٣ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا تێدەپەڕێت، بارزانیی نەمر بندەستی ڕەت کردۆتەوە و تا دواساتەکانی تەمەنی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بووە کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زولمەی لەسەر میللەتی کورد ھەیە نەھێڵێت و مافی کورد بە دەست بھێنێت.

لەیادی کۆچی دوایی ڕێبەر و باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر، ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە پایتەخت و شاروشارۆچکەکانی کوردستان و لە ھەموو چین و توێژەکان بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمانی کوردایەتی سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ھەزاران ھاووڵاتی لە شارۆچکەکانی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان ئەوڕۆژە بەڕز ڕادەگیرێت.

ژیانی منداڵی
بارزانیی نەمر، ناوی تەواوی (مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی)ـیە، لە ١٤ی ئاداری ١٩٠٣ لە گوندی بارزان لەدایک بووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا، کاتێک بارزانیی نەمر بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام کە برای گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ زیندانی دەکرێت.

سەرکردایەتیکردن
ساڵی ١٩١٩ بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٣١- ١٩٣٢ بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی مێرگەسوور و شێروان، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.
ساڵی ١٩٣٢، حکوومەتی عێراقیی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بەریتانیاییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، بارزانیی نەمر، دەستی کرد بە سەرکردایەتی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.
دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوەڕاگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێکردەوە.

دووەم جەنگی جیهانی
بارزانیی نەمر، توانیی دۆخی دووەم جەنگی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکوومەتی عێراقی کە بە سەرکردایەتیی بەکر سدقی بەڕێوە چوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکوومەتە لاوازەکەی بەغدای ڕەت کردەوە کە داوای دەکرد، بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی ڕابگرێت.
حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن، تا ئەو کاتەی بارزانیی نەمر توانی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەبوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بە سەرپەرشیی وەزیرێکی کورد گرتە دەست و، دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لە بری حکوومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە بارزانیی نەمرەوە وەردەگرت، شارەزایی سەربازیی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێوەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی پێشمەرگەی ٢٥٠٠ کەسی پێکبھێنرێت، لە ئەنجامدا حکوومەتی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما، بەڵام دوای ساڵ و نیوێک، حکوومەتی عێراق، توانی ھێزێکی زۆر کۆبکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، شەڕێکی قورس ڕووی دا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانیڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.

دەبێتە جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان
لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ـدا، لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیەندرا. دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ـدا، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، بارزانیی نەمر لەلای دەستەڕاستی قازی محەمەد وەستابوو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ی پێبەخشرا.
لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی دووەمی جیھان و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتایی ھاتنی کۆماری مەھاباد، ھێزەکەی بارزانیی نەمر و ھێزەکانی ئێران تێكهەڵچوون و شەڕ درووست بوو. لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران. ماوەی ١٢ ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە، لەسەرەتاوە بارزانیی نەمر لە ‌ئازەربایجان و ئۆزبەگستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەرکارییەکانی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێندووە، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا گەڕایەوە عێراق، ئەویش پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماریی ڕاگەیاندبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی ١٩٦١دا بارزانیی نەمر شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لەبەگژداچوونی دژی دەسەڵاتدارانی عێراق ھەتا ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو.

ڕێککەوتنامەی ئادار
ساڵی ١٩٦٨، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و بەعسییەكان كودەتایان كرد، بارزانیی نەمر و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردییش لە دامودەزگاکانی فێرکردن دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لەڕێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیریان واژۆ کرد.

خەونی گەورەی بارزانیی نەمر
خەون و ئامانجی گەورەی بارزانیی نەمر ئەوە بوو کە بتوانێت خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر میللەتی کورد ھەیە نەیھێڵێت، مافی کورد بە دەست بھێنێت و میللەتی کورد وەکو میللەتەکانی تر لە ئاشتی و سەربەستی بژین و تەعدا لەکەس نەکات و کەسیش تەعدای لێ نەکات، ژیانی ھەموو تاکێکی کورد دابین بکات و خزمەت بە گەلەکەی خۆی بکات.

هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر
ڕۆژی چوارشەممەڕێککەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١، ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دەدرێت، لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە، لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ و دوای ساڵ و نیوێک لە واژۆکردنی بەیاننامەی ئاداری ٧٠ لە نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا، ھەوڵەکە لەڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە ١٠ پیاوی ئایینی پێکھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و ڕاگرتنی شەڕی نێوان شۆرشگێرانی کورد و سوپای عێراق.

بارزانیی نەمر کەسێکی سادە بوو
حوسێن عەلی، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ ھەولێر دەڵێ:” بارزانیی نەمر، ھەمیشە پیاوێکی سادە بووە و ھەر بەو شێوەیەیش ژیاوە، زۆر گرنگی بە جلوبەرگ و خواردنی نەدەدا، بەردەوام ھەوڵی داوە کە کورد یەکدەنگ و یەکڕەنگ بێت و ھەمیشە ڕێزی لە بیروبۆچوونی جیاواز گرتووە، ھەموو کاتێک ویستوویەتی کورد سەربەخۆ بێت و بە مافەکانی بگات، بڕوای وابوو ڕۆژێک ھەر دێت کورد بەو ئاواتە دەگات، بۆیە بارزانیی نەمر موڵکی ھەموو کوردە، چونکە ھەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلە مەزڵوومەکەی تەرخان کردبوو، بۆیە پێویستە ھەموو حزب و لایەنەکان یادی بکەنەوە نەک تەنیا حزبێک.
ئەو پێشمەرگەیە ڕوونیشیکردەوە:” بارزانیی نەمر، نەک تەنیا لە کوردستانی باشوور، بەڵکو لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە سەرکردایەتیی میللەتی کوردی کردووە، ئاگای لە ھەموو پارچەکان بووە، چووە بۆ ڕووسیا ھەموو دەناسن و دەزانن چۆن کاری کردووە، وەک سەرکردەیەکی کورد حیسابی بۆ دەکرا نەک سەرۆکی حزب، بارزانی زیاتر بە سەرکردەی کورد دەناسرا، وەک بەسەرکردەی حزب، بڕوای وابوو کورد ھەموویەکە جیاوازی لە نێوان ھیچ کەس و لایەنێکی نەدەکرد.

دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ
ئیسماعیل عەبدوڵلا، پێشمەرگەیەکی دیکەیە بۆ ھەولێر، لەم بۆنەیەدا دەڵێت:” ئەو دەسکەوتە گەورانەی ئێستا ھاتوونەتەدی و گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات، لە ئەنجامی شۆڕشی بارزانیی نەمر دەست ھاتوون، شۆڕشی بارزانیی نەمر، تاکە شۆڕشە، کە لە سەرتاسەری کوردستان بەبێ جیاوازی و بەیەک پەیام بەرپا کرا، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە شۆرشی بارزانی تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام خەباتەکەی بە شێوەیەکی دیکەیە، بۆیە دەبێت تێکۆشان و خەباتی ئەو زاتە گەورەیە لەبەرچاو بگرین و لەسەر خەبات و تێکۆشانی ئەو بەردەوام بین، چونکە ھەموو ژیانی خۆی بۆ قوربانی میللەتەکەیبووە، کەسێک کە ھەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەکەی بکات، نامرێت و لە دڵی گەلەکەی ھەر زیندوو دەمێنێت، بۆیە ئەم ڕێبازە لەبیر ناکەین پەیمانە، ڕێی بارزانی کوردستان یان نەمانە”.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی
بارزانیی نەمر، دوای ساڵی ١٩٧٥، تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ کۆچی دوایی دەکات، لە چواری ئادار تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە ھەلیکۆپتەر، تەرمی پیرۆزی گەیاندرایەوە شاری شنۆی کوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان ھەزار کەس لە پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتیانی ڕۆژھەڵات و کوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانی کرا، کە لەو ڕۆژەدا لە سنوورەکان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییکردنی بارزانیی نەمردا بەشدار بن. لە ڕۆژی پێنجی ئادار تەرمی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاک سپێردرا. پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ـدا تەرمی بارزانیی نەمر و شەھیدی ھەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ ھێنرانەوە بۆ کوردستان و لە خاکی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران، ئێستا مەزارگەی بارزانیی نەمر، بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچییدا، نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان، وەک نەریتێکی ساڵانە، ڕوو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن”.

ھەواڵی زیاتر