بڕیاری ئازادکردنی بازرگانێکی ترسناکی مادەی هۆشبەری دەرکردووە

چەند ڕۆژێکە میدیا عێراقیەکان و ناوەندە یاسایی و کەسایەتییە یاساییەکانی عێراق، مشتومڕی گەرم لەبارەی فەزیحەیەکی بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری کاربەڕێکەری ئێستای عێراق دەکەن، ئەمەش پاش ئەوەی ئاشکرابوو بڕیاری ئازادکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەری دەرکردووە.

ئاشکرابوونی ئەم دۆسیەیە، ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و داوا دەکرێت دادگای فیدڕاڵی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات.
پەرلەمانتارێکی عێراقیش، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە نووسراو ئاگادار کردووەتەوە بە مەبەستی ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بابەتە بکرێت، هادی حەسەن سەلامی، پەرلەمانتاری عێراق، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، داوای روونکردنەوە لەبارەی ئازادکردنی ئەو بازرگانەی ماددە هۆشبەرەکان دەکات.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، لە نووسراوەکەدا، جەختی لەوە کردووەتەوە، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تاوانی نێودەوڵەتین وە داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، روونکردنەوە بدات کە ئەو بازرگانەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر چ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی، ئازاد کراوە.
هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار ڕوونکردنەوەی لەبارەی ئەو بابەتەوە دا و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو بابەتە بەسەریاندا تێپەڕیووە، بەڵام ئەو ڕاگەیەندراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەوەندەی دیکە بووە جێگای نیگەرانیی و توانجی یاسا ناسان و میدیا عێراقیەکان و جەخت لەوە دەکەنەوە بابەتێکی لەو شێوەیە هەستیار جێگای ئەوە نیە بەو سادەییە تێپەڕێت و داوا دەکەن ڕێ و شوێنی یاسایی دژی بەرهەم ساڵح بگیرێتە بەر و دادگای فیدڕاڵی لەو بابەتە لێکۆڵینەوەی تەواو بکات.
جگە لەوانەش لە میدیا عێراقیەکانەوە ڕەخنەی توند ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەکرێت و داوای دەست لە کارکێشانەوە و دوورخستنەوەی دەکەن لە پۆستی سەرکۆماری عێراق، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح جارێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە یەکێکە لە بەربژێرەکان.
جەواد لوئەی کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەفە و بەهۆی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی سزا درابوو کاتێک لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە دەستگیرکرا و وێنه‌ی كیسه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ناسنامه‌ ساخته‌ و چه‌كی بێمۆڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنانه‌ی له‌گه‌ڵ بانده‌كه‌ گرتوویه‌تی بڵاوكرایه‌وه‌، بە مەرسومێکی سەرۆکایەتیی عێراق و بە واژۆی بەرهەم ساڵح، سەرکۆماریکاربەڕیکەری عێراق، بڕیاری لێبووردنی بۆ دەرچوو و ئازاد کرا.
پەیامنێری هەولێر

ھەواڵی زیاتر