گرنگیی خێزان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ‌كۆمه‌ڵایه‌تی

دانا له‌تیف ـ هەولێر

خێزان چییه‌؟ ڕۆڵی له‌ به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا له‌ كوێدایه‌؟ ئاخۆ خێزان ئه‌توانێ ڕۆڵی په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندامانی بگێڕێت؟ ئاخۆ ئازادی و هه‌ڵبژاردنی كه‌سی چ مانایه‌كیان هه‌یه‌ له‌ نێو خێزانی كوردیدا؟ په‌یوه‌ندی خێزان و نه‌خوێنده‌واری له‌ كوێدایه‌؟ ئاخۆ خێزانی كوردی به‌رهه‌مهێنه‌ری تاكی نه‌خوێنده‌واره‌؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیارانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌مانه‌وێ ده‌ستمان به‌ كۆمه‌ڵێ ده‌ره‌نجام بگات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌لومه‌رجی خێزان و سه‌رچاوه‌كانی به‌ر‌هه‌مهێنانی نه‌خوێنده‌واری له‌ خێزانی كوردیدا له‌ كوێدایه‌.

خێزان وه‌ك سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێك دێ له‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك كه‌ له‌ ڕێگه‌ی هاوسه‌رگیری، به‌رهه‌مهێنانی منداڵ و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌وه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژێن. ئه‌م سیسته‌م و ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ درێژایی مێژوو، ڕۆڵێكی یه‌كجار گرنگ و به‌بایه‌خی گێڕاوه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن و به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی مرۆڤدا، هه‌روه‌ها بۆته‌ سه‌نته‌ر و پێشه‌نگی په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كان و بێگومان خێزان له‌ چاو سیسته‌مه‌كانی تری كۆمه‌ڵگا گرنگترین ده‌زگایه‌ كه‌ ئه‌توانێ تاك له‌ ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌یشتن و خوێنده‌واری ئاماده‌ بكات و دواجار ئه‌و زه‌مینه‌سازییه‌ تاكێكی ته‌ندروست به‌رهه‌م دێنێت.
به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون و ئاشنابوون به‌ ڕێسا، ڕۆڵ و به‌ها كولتوورییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌ خێزاندا دروست ده‌بێت و منداڵ له‌ مامه‌ڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی له‌ ڕێگه‌ی خێزانه‌وه‌ ده‌بێته‌ بونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌م چه‌شنه‌ ئه‌م هۆكاره‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ وایكردووه‌ خێزان به‌رده‌وام ببێته‌ سه‌نته‌ری جێ سه‌ره‌نجی پسپۆران. هه‌روه‌ها خێزان به‌ ناوه‌ندێكی سه‌ره‌كی دائه‌نرێت له‌ په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاك و ئه‌توانێ ده‌رفه‌تی زۆرتر و باشتر بۆ ئه‌ندامانی بڕه‌خسێنێت، كه‌ دواجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خێزان و كۆمه‌ڵگادا ده‌كه‌وێته‌وه‌.
ئه‌توانین بڵێین خێزان ئه‌و یه‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ پێنچ لایه‌نه‌كه‌ی فیزیكی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سۆزداری، مه‌عریفی و یاسایی یان ماف ئه‌ندامانی به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ هه‌موو تاكێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خێزانه‌وه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێنرێت كه‌ فێری خوێنده‌واری ببێت و له‌ ناوه‌نده‌كانی خێوێندندا درێژه‌ به‌ خوێندن بدات، جا ئه‌مه‌ له‌ هه‌ر چ هه‌لومه‌رجێكدا بێت، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی كه‌ منداڵ ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ناگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی داهاتووی خۆی دیاری بكات، ئه‌بێت خێزان ئه‌م ڕۆڵه‌ بگێڕێت و درێژه‌دان به‌ خوێندن وه‌ك مافێكی سه‌ره‌تایی و ئازادییه‌كی كه‌سیی ته‌ماشا بكات تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌ ڕووی یاسایی و جه‌سته‌یی و عه‌قڵییه‌وه‌ ئه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی تاكه‌كه‌ خۆی بڕیار له‌ ژیانی داهاتووی خۆی بدات.
له‌ دیوێكی تردا، خێزان ناوه‌ندی دروستبوونی شوناس و ناسنامه‌ی تاكه‌ و ئه‌توانێت شوناسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تۆكمه‌ی بۆ دروست بكات، هه‌روه‌ها هه‌ستی شوناسێكی تۆكمه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو بنه‌ماوه‌ ئه‌وانیش: هه‌ستی په‌یوه‌ستبوون و هه‌ستی یه‌كاڵابوون، چونكه‌ خێزان ئه‌و تاقیگه‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو به‌شه‌ تیایدا به‌یه‌كه‌وه‌ تێكه‌ڵاو ده‌بن و ده‌بنه‌ كۆپی یه‌كتر. خێزان له‌ قۆناغه‌ به‌راییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی منداڵدا، ڕه‌فتار و هه‌ستی شوناسی ئه‌و داده‌ڕێژێت.
خێزان ته‌نها شوێنه‌ كه‌ ئه‌توانین هیوای ئه‌وه‌ی لێ بخوازین ته‌ندروستترین په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تیا بكرێت و تاك موماره‌سه‌ی ئازادییه‌كانی خۆی تیا بكات، به‌ڵام هه‌ركات خێزان ڕۆڵه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ بۆوه‌ و نه‌یتوانی ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نێت یان به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م موماره‌سه‌كردنی ئازادی و مافه‌كانی تاك و ئه‌ندامانی ئه‌وا كۆمه‌ڵێ گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رهه‌ڵ ئه‌ده‌ن كه‌ دواجار زیانی یه‌كجار زۆری بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ به‌شـێ له‌ خێزانه‌ كوردییه‌كاندا ده‌یبینین كه‌ به‌ربه‌ستن له‌ چوونه‌به‌رخوێندنی ئه‌ندامانی خێزان، یان پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ قوتابخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی خویندن ده‌ریان ده‌هێنن و ناهێڵن ئه‌و ئازادییه‌ كه‌سییه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ڕوو نه‌دات پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تێكی هوشیاری له‌لایه‌ن دام وده‌گا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌چاو بكه‌ن و نه‌هێڵن ئه‌م دیارده‌یه‌ گه‌شه‌ بسێنێت، چونكه‌ له‌ غیابی ئه‌وه‌دا گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و كایه‌ی گشتی به‌رفراوانتر ده‌بن و دواجار چاره‌سه‌ركردنیشیان زه‌حمه‌تر ده‌بێت هه‌م بۆ خێزان و هه‌میش بۆ ده‌زگا فه‌رمییه‌كان.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بیڵێین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بایه‌خی خێزان له‌و ڕوه‌وه‌یه‌ كه‌ دایك و باوك ئه‌توانن كه‌سایه‌تییه‌كی تۆكمه‌ به‌ نه‌وه‌كانیان بده‌ن و منداڵ هه‌ر له‌و كاته‌ی كه‌ په‌ی به‌ شته‌كان ده‌بات كاریگه‌ر ده‌بێت به‌ دایك و باوكیی و ئه‌بنه‌ نموونه‌ی باڵا بۆی.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خێزانی كوردی زۆر به‌كه‌می ڕۆڵی ئه‌و په‌روه‌رده‌كردنه‌ مه‌عریفیه‌ی ئه‌گێڕێت و ناتوانێ ڕێگه‌ به‌ تاكه‌كانی بدات كه‌ پراكتیكی ئازادییه‌كانی خۆی بكات به‌ تایبه‌ت هه‌ندی ئازادی كه‌سیی هه‌یه‌ كه‌ پاشه‌رۆژی تاكی پێوه‌ به‌نده‌ له‌ چه‌شنه‌ی خوێندن، به‌ڵام دریژه‌دان به‌ خوێندن له‌ كوردستان به‌نده‌ به‌و بیركدنه‌وه‌یه‌كی كه‌ ئه‌و خێزانه‌ی كه‌ تاكه‌كه‌ی تیا ئه‌ژێت كه‌ ئه‌مه‌ش دواجار پاشه‌رۆژی تاك به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ده‌بات كه‌ به‌زه‌حمه‌ت ئه‌توانی چوارچێوه‌ی ژیانی خۆی بینا بكات، چونكه‌ پێش چوونه‌ خوێندن په‌روه‌رده‌ی تاك په‌یوه‌سته‌ به‌و كه‌شه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ له‌ ماڵ و خێزاندا هه‌یه‌ هه‌ركات خێزان ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرت و بایه‌خیشی پێ نه‌دا ئه‌وا ئه‌وكات دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دێته‌ ئاراوه‌، دوجار ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ خێزانی كوردی له‌و هه‌یمه‌نه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی دابماڵرێت و بایه‌خی پتر به‌ داهاتووی منداڵ و ئه‌ندامانی خێزان بدرێت و ئازادی كه‌سیی ببێته‌ شتێكی حه‌تمی و به‌شێ له‌و كولتووره‌ نالێبورده‌یی و قۆرغكارییه‌ له‌ مێشك و زه‌ینی خۆیدا ڕه‌ش بكاته‌وه‌، و چیتر كه‌سێ داهاتووی خێزانێك دیاری نه‌كات.

ھەواڵی زیاتر