گەورەترین پڕۆژەی پیشەسازی لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

بڕیارە یەکەم پڕۆژەی وەبەرھێنان دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و گوتەبێژی ئیدارەی زاخۆش دەڵێت، گەورەترین ناوچەی پیشەسازی لە سنووری ئیدارەی زاخۆ دروست دەکرێت.

شڤان عەبدی، گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئیدارەکە دابین کراوە، یەکەم ھەنگاوی وەبەرھێنانیش دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستکردنی ناوچەیەکی فراوانی پیشەسازییە لە سنووری ئیدارەکە، ئەویش بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە چاودێریی سەرۆکی ئیدارەی زاخۆ.”

گوتەبێژی ئیدارەی زاخۆ گوتی: “ناوچەی پیشەسازیی زاخۆ بڕیاری لەسەر دراوە و لەسەر ڕووبەری ٨٨٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەڕێوە دەچن و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان لە ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.”

شڤان عەبدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پڕۆژەی پیشەسازیی زاخۆ، گەورەترین پڕۆژەی پیشەسازیی سنووری ئیدارەی زاخۆیە و ژمارەیەکی بەرچاو کارگە و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکان لەخۆ دەگرێت و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت و ھەموو خزمەتگوزارییەکی پێویستی بۆ دابین دەکرێت، پێمان وایە لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەبێت.”

ھەواڵی زیاتر