سەرۆک کۆماری عێراق لێخۆشبوونی تایبەت بۆ بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەردەکات

نووسراوێکی سەرۆک کۆماری عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆییدا هێناوە، بەهۆی دەرکردنی لێخۆشبوونی تایبەت بۆ بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر کە  کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەفە.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی لەسەرە، بە بڕیارێکی تایبەت لێخۆشبوونی بۆ جەواد لوئەی یاسری دەرکردووە کە کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەفە و بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراوە.

نووسراوەکە لە 10/1/2022 دەرکراوە و وەزیری داد لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە بڕیاری جێبەجێکردنی فەرمانەکەی دەرکردووە.

جەواد یاسری کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف لە ساڵی 2017 بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ دوو کەسی دیکە دەستگیر کرا، پاشان لە ساڵی 2018 دادگەی کەرخ سزای زیندانی تاهەتایی و 30 ملیۆن دیناریش پێبژاردنی بەسەردا سەپاند.

لە ساڵی 2017 لە ناوچەی بەیاعی بەغدا دەستگیرکردنی باندێکی 3 کەسی بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕاگەیەنرا کە لە نێویاندا کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەفی تێدابوو، هەروەها دەستیشگیرابوو بەسەر 5 کیلۆ و 600 گرام حەشیش، چەک و 7 هەزار دەستە حەبی هۆشبەر.

لە 10/1/2022 بە بڕیارێکی تایبەت لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لێخۆشبوونی بۆ دەرکرا، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆییدا هێناوە و خەڵک دەپرسن بۆچی سەرۆک کۆمار بڕیاری لێخۆشبوون بۆ تاوانبارێکی ماددەی هۆشبەر دەردەکات لەکاتێکدا کە بڕیارە سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوور بێت.

ھەواڵی زیاتر