لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سووتاندن و پاشان گیانلەدەستدانی شنیار هونەر “لەلایەن هاوژینەکەیەوە” دەڵێت، “ئەم تاوانە قێزەونە شەرمەزار دەکەین.” داواش لە دامودەزگە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی دادوەری دەکەن تاوانباران و بکوژانی ژنان بە قورسترین سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگهیێنن.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 08:50 خولەک شنیار، ئەو ژنەی کە هاوژینەکەی “سووتاندبووی”، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
پارێزەرەکەیشی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە جگە لە هاوژینەکەی ژنێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە. لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت له پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت “بەداخەوە سەرەڕای تەجریمکردن و شەرمەزارکردنی تاوانی کوشتنی ئافرەتان لەڕووی یاسایی و ئایینی و داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستانییەوە، کەچی هەفتە و مانگ نییە گوێبیست و شاهێدی تراژیدیای کوشتنی بە ناهەقی ئافرەتێک نەبین لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوای مانەوەی نزیک لە هەفتەیەک لە نەخۆشخانە، خاتوو (شنیار هونەر)، بەهۆی زۆریی سووتانەکەیەوە گیانی پەپوولەئاسای سپاردوو بووە قوربانییەکی دیکە لە زنجیرەی ئەو ژنانەی کە بە ناهەق و تاوانی دڕندە کوژران لە هەرێمی کوردستان، لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ئەمساڵدا.”
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 19-02-2022 شنیار هونەری 21 ساڵ بە گڕی ئاگرەوە لە ماڵەکەی خۆیەوە هەڵات و هانای بۆ دراوسێکانی برد تاوەکو ئاگرەکەی جەستەی بکوژێننەوە. دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکەش بە دراوسێکان و خەسویی گوتووە، “هاوژینەکەم سووتاندمی”.
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە “ئێمە لە لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشیمان لە خانەوادەی (شنیاری جوانەمەرگ) و ئەو 8 ژنەی لەماوەی ئەمساڵدا بوونە قوربانیی دەستی تووندوتیژی لە کوردستان، ئەم تاوانە قێزەونە شەرمەزار دەکەین و داوا لە دامودەزگە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری دەکەین کە تاوانباران و بکوژانی ژنان بە قورسترین سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگهیێنن و سنوورێک بۆ ئەم تاوانە دابنێن، کە خەریکە ناو و ناوبانگی هەرێمەکەمان لەکەدار بکات.”
لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت له پەرلەمانی کوردستان بە خەڵکی کوردستانی رادەگەیێنین کە لە پەرلەمانی کوردستان “دەستمان کردووە بە پێداچوونەوە بەو یاسایانەی کە پێویستییان بە گۆڕانکاری و دەستکاریکردن هەیە تاوەکو بەجۆرێک دایانبڕێژینەوە کە ببنە قەڵغانێک بۆ پارێزگاریکردن لە ژیان و کەرامەتی ژنان و رێگربن لە هەر کەسێک کە بیەوێت تاوانی کوشتن بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدات.”
ئاماژە بەوەش دەکات لە هەمان کات بەدواداچوونی ورد و بەردەوام دەکەن بۆئەوەی “تاوانباران و ئافرەتکوژان بە سزای یاسایی و دادپەروەرانە بگەیێنرێن.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی ئەو ئافرەتانەی کە کوژراون و بکوژانیان شەرمەزار دەکەین و داواکارین لە یەزدانی مەزن رۆحی پاکیان بە بەهەشت شاد بکات.”