ڕائیب جادر – ههولێر
لە پێناو نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن، هەر ئۆپەراسیۆنێک بە هاوبەشی ئەنجام درابێت ئامانجەکەی پێکاوە. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێ، بارودۆخی شنگال خراپە، ئەوەش لەبەر بوونی هێزە چەکدارەکانە لەناوچەکە، ئەگەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکرێت، بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی کێشەی ئەو شارە چارەسەر دەکرێت.
عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بۆ هەولێر گوتی:” دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو جموجۆلەکانی داعش روویان لە زیادبوون کردبوو، بەتایبەتی لە کەرکووک، دیالە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بریار درا دوو لیوا پێکبهێنرێن و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە ئەنجام بدرێت، ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە بە چەند قۆناغێک دەروات، قۆناغی یەکەم هەفتەیەک دەبێت دەستی پێکردووە، قۆناغەکانی داهاتووش دەست پێ دەکەن، چونکە ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە کاریگەرییەکی زۆر باشیان هەیە و وا دەکات کە داعش و گروپە چەکدارەکان بە ئاسانی نەتوانن کردەوە تیرۆریستییەکانیان ئەنجام بدەن، هەروەها هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچە کوردستانییەکان و ناوچەکانی دیکە بگەڕێتەوە و خەڵک هەست بە ئارامی بکەن و بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەر بۆیە دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بارودۆخی ئەو ناوچانە ئارام بۆتەوە و خەڵک گەڕاوەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەبارەت بە رەوشی شنگال ، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ڕایگەیاند، رۆژەبەرۆژ بارودۆخی شنگال تێک دەچێت، ئەوەش لەبەر ئەو هێزە چەکدارانەیە کە لە ناوچەکەن، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەر دوو حکوومەتی هەرێم و عێراق هەبوو بۆ ئاسای کردنەوەی بارودۆخی شنگال، تا ئێستا هیچ خاڵێک لەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، دەبێت حکوومەتی داهاتوو لە ئەولەویەتی کارەکانی بێت ئەویش دەرچوونی هەموو هێزە نایاساییەکان بێت، بە پەکەکەشەوە، کە هۆکاری سەرەکین بۆ تێکدانی بارودۆخی شنگال و دەوروبەری، چونکە تا ئەو هێزە چەکدارانە لەو ناوچانەبن ئارامی بۆ ئەو شارە ناگەڕێتەوە، بۆیە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە دەبێت هەموو هێزە نایاساییەکان شارەکە چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئازادانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە دەبێت بە زووترین کات ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا کێشەکە لەوە گەورەتر دەبێت و بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت”.