پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر:تا گله‌یی و گازنده‌ هه‌بێت، چه‌سپاندنی ژماره‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ په‌سه‌ند ناكه‌ین

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نرخی زه‌ویه‌كانیان چه‌ند به‌رانبه‌ری شوێنی پێشووتریانه‌، به‌ڵام نه‌خشه‌ی نوێی زیانلێكه‌وتوانی گوندی كۆری، كه‌ لیژنه‌كانی ئاوه‌دانی و وه‌ازاره‌ت و شاره‌وانیی هه‌ولێر دایانڕشتووه‌؛ سه‌مه‌ره‌یه‌. زه‌ویه‌كان كه‌ به‌سه‌ر ١٧٠ بلۆك دابه‌ش كراون، ژماره‌كان به‌پێیڕیزبه‌ندی نین و له‌و شوێنانه‌ی به‌رده‌میان فراوان و سه‌وزاییه‌، ژماره‌یه‌ك هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ته‌نیشتیان هه‌زارانیان نێوانه‌. سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر ده‌ڵێت: “چه‌سپاندنی ژماره‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ بڕیاری كۆتایی لێ نه‌دراوه‌ و، هه‌ر خاوه‌ن زه‌وییه‌ك گله‌یی هه‌یه‌، با سه‌ردانمان بكات و سكاڵا تۆمار بكات”.
زیانلێكه‌وتوانی گوندی كۆری؛ ئه‌وانه‌ن كه‌ پێشه‌كییه‌كه‌می پڕۆژه‌ی گوندی كۆرییان داوه‌ و به‌هۆی ته‌واونه‌كردنی خانووه‌كانیان و وه‌ستانی پڕۆژه‌كه‌ به‌بیانووی ته‌نگژه‌ی دارایی، له‌ ڕابردوودا دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌كانیان، به‌ پێدانی پارچه‌یه‌ك زه‌ویی ٢٠٠ مه‌تری له‌ كه‌رتی گه‌زنه‌ی نوێ قه‌ره‌بوو كرانه‌وه‌. ئه‌و زه‌ویانه‌ كه‌ هێواش هێواش له‌ شاره‌وانی كاره‌كانیان ته‌واو و تاپۆ ده‌كران، زۆرێكیشیان كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ كرا، كه‌چی جارێكی دی بڕیاری گواستنه‌وه‌یان بۆ ناو پڕۆژه‌ی گوندی كۆری درا.

به‌رزیی نرخی زه‌ویه‌كانی ناو پڕۆژه‌ی گوندی كۆری، كه‌ نووزه‌ی له‌ خاوه‌ن زه‌ویه‌كان نه‌هێنا، شوێنه‌كانیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌، به‌ هاواری خستن. ئاخر ڕوون نییه‌ به‌ چ میكانزمێك ئه‌و ژمارانه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ داندراون. زۆرێك له‌وانه‌ی پێشتر شوێنیان باش بووه‌، ئێستا كەوتوونەتە خراپترین شوێنه‌كانن و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.
بارزین كه‌ریم یه‌كێكه‌ له‌و خاوه‌ن زه‌ویانه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات، شوێنه‌كه‌ باشه‌، به‌ڵام نه‌خشه‌كه‌ فێڵی زۆری تێدا كراوه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تییدا قۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێ: “یاری به‌ژماره‌كان كراوه‌ و ئه‌وانه‌ی واسته‌یان هه‌یه‌ شوێنی باشیان بۆ داندراوه‌ و ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ گه‌نده‌ڵیی تێدایه‌”.
یه‌كێكی دی له‌و زه‌ویانه‌ هی فوئاد ه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گله‌یی له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی نییه‌، ده‌ڵێ: “زه‌وی كه‌رتی گه‌زنه‌ به‌ تیروپشك و به‌بێ گله‌یی دابه‌ش كرا، به‌ڵام له‌ نه‌خشه‌ی ئێستاماندا كه‌س نازانێ چۆن ژماره‌كان داندراون و زۆربه‌ی شوێنه‌ باشه‌كان ژمارەگەلێك داندراون، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ته‌نیشتیان زۆر لێك جیاوازن‌”.
ئه‌و خه‌ڵكانه‌ زۆرن كه‌ گازنده‌ ده‌كه‌ن و سه‌یركردنێكی نه‌خشه‌كه‌ ڕاستی گومانه‌كانیان پیشان ده‌دات، ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر دوای وردبینی چه‌ند ڕۆژه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌؛ زه‌ویه‌كان به‌سه‌ر ١٧٠ بلۆك دابه‌ش كراون، كه‌ تێیدا بچووكترینیان ١٠ پارچه‌ زه‌وی به‌مدی و ئه‌ودیو له‌خۆ گرتووه‌ و گه‌وره‌ترین بلۆكیش ٣٨ پارچه‌ زه‌وی جێی كراوه‌ته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیی نه‌خشه‌ی زه‌وی و زار ڕیزبه‌ندییه‌، كه‌ ژماره‌كان به‌ ڕیزبه‌ندی له‌ ١ ه‌وه‌ تا كۆتایی ده‌ڕوات، له‌و نه‌خشه‌یه‌دا و له‌و ١٧٠ بلۆكه‌یه‌، هیچكامێكیانڕیزبه‌ندی ژماره‌ییان ته‌واو نییه‌ و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ژماه‌یه‌ك به‌دواییه‌كدیدا ده‌ڕوات، له‌پڕ ژماره‌یه‌ك قوت ده‌بێته‌وه‌ فڕی به‌و شوێنه‌وه‌ نییه‌، زۆرێكیشیان له‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌رده‌میان به‌تاڵایی،یاخود سه‌وزاییه‌، ژمارانێك هه‌ن، كه‌ نێوانی له‌گه‌ڵ زه‌ویه‌كانی ته‌نیشتی، هه‌زاران ژماره‌یه‌.
بۆ نموونه‌: بلۆكییه‌كه‌می نه‌خشه‌كه‌ كه‌ ٢٨ پارچه‌ زه‌وی له‌خۆ ده‌گرێت و له‌ ژماره‌ ١ه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ژماره‌كانی ٩ و ١٢ و ١٥ و ٢٣ و ٢٤ و ٢٥ و ٢٦، له‌و كه‌رته‌دا نین و له‌ شوێنی ئه‌وان ژماره‌ ٥٧٢، ٥٤٥٣، ١٧٣٨، ٣٣٥٤، ١٥٩٨، ٣٣٥٥ له‌گه‌ڵ ١٦١٧ هه‌نه‌، كه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی ژماره‌ ٥٧٢، ١٧٣٨، ٣٣٥٤، ٣٣٥٥ پێش سه‌وزایی و سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كینه‌، له‌ كاتێكدا له‌ نه‌خشه‌ كۆنه‌كه‌دا، له‌ كۆڵانێكی ته‌سك دا بوون، ئه‌وه‌ وه‌رگیراوێكه‌ و زۆرییان هاوشێوه‌ن.
هه‌ر ئه‌وه‌نا، ژماره‌ی دووباره‌بووه‌وه‌ش هه‌نه‌، وه‌ك ژماره‌ (٤٢٤٠)، به‌ نموونه‌، كه‌ له‌ شوێنێكیانڕووكن و له‌ شوێنێكی دیكه‌دا له‌سه‌ر شه‌قامی ٢٠ مه‌تری له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌.
جیا له‌وانه‌، ژماره‌ی زیالێكه‌وتوانی گوندی كۆری كه‌ به‌ پێی ئه‌و لیسته‌ی ده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر كه‌وتووه‌، چوار هه‌زار و ١٢٤ كه‌سه‌، كه‌چی به‌ پێی وردبینی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ نه‌خشه‌كه‌، چوار هه‌زار و ١٧٣ پارچه‌ زه‌وییه‌، واتا ٤٩ پارچه‌ زه‌وی زیادتره‌ و تێیدا ژماره‌ی سه‌رووی پێنج هه‌زاری هه‌نه‌، هه‌ر ژماره‌ی زیانلێكه‌وتوانیش له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی شاره‌وانی، به‌ چوار هه‌زار و ٢٠٠ خێزانڕاده‌گه‌یه‌ندرێ!.
له‌و باره‌وه‌ ئه‌ندازیار عبدلواحید ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێرڕایده‌گه‌یه‌نێ، كاتێك دابه‌شكردنی چوار هه‌زار و ٢٠٠ پارچه‌ زه‌وی ده‌كه‌یته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گیروگرفت هه‌ر ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ١٤ ڕۆژ ده‌رگای تانه‌ و سكاڵامان كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر كه‌سێك گله‌یی هه‌یه‌، با له‌ شاره‌وانی سكاڵا پێشكه‌ش بكات و دوای دراسه‌تكردنی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌، پێویسته‌ وه‌ڵامی دروستی باوه‌ڕپێكراو به‌ هاووڵاتیان بده‌نه‌وه‌ و گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌و ده‌ڵێ “چه‌سپاندنی ژماره‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ بڕیاری كۆتایی لێ نه‌دراوه‌ و هه‌ر گیروگرفتێك له‌ دانانی ژماره‌كان هه‌بێت، ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خشه‌كه‌ په‌سه‌ند ناكه‌ین، كه‌ هێشتا ده‌رفه‌تی گفتوگۆ و گۆڕانكاری ژماره‌كان هه‌یه‌”.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ورده‌كارییه‌كانی میكانیزمی دابه‌شكارییه‌كان لای لیژنه‌كه‌یه‌ و ده‌ڵێ: “ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌رووی خۆمانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت پێك هێندراوه‌ و باشترینه‌كانی ئه‌ندازیاره‌كانی ناو فه‌رمانگه‌كه‌ن و، به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی خاوه‌ن زه‌وییه‌كان نه‌خشه‌كه‌ ده‌رچووه‌”.
ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌،‌ كه‌ له‌ دووی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و سێی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی و دووانیش له‌ نه‌خشه‌دانانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌دانی، پێك هاتووه‌، یه‌ك له‌وان ئه‌ندازیارڕابه‌ر موحسین سابره‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات، هه‌وڵی جددیمان داوه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت و ده‌ڵێ: “گرفته‌كه‌ زۆنه‌كان دروستیان كردووه‌، كه‌ له‌ نه‌خشه‌ی كۆندا شه‌ش زۆن بووه‌ و له‌ نه‌خشه‌ نوێیه‌كه‌دا كه‌متره‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ناچاری ژماره‌ی زه‌وییه‌كان تێكه‌ڵ و لێره‌وله‌وێ داندراون”!.
به‌ گوته‌ی ئه‌و، ئه‌گه‌ر زه‌ویی یه‌ده‌گ له‌به‌رده‌ست نه‌بێت، ناتوانرێ ٩٠%ی دادپه‌روه‌ری جێبه‌جێ بكه‌ی، كه‌ له‌ نه‌خشه‌ی كۆندا سه‌رووی چوار هه‌زار و ٦٠٠ پارچه‌ زه‌ویمان هه‌بووه‌ و به‌شێكی زیاده‌كان بۆ قه‌ره‌بووی جوتیارانی كه‌رتی گه‌زنه‌ داندرابوو؛ له‌سه‌ر ژماره‌ زیاده‌كانی نه‌خشه‌ی نوێش، كه‌ ٤٩ دانه‌ن، ئه‌ندازیارڕابه‌ر ده‌ڵێ: “ئه‌وانه‌ هی شاره‌وانین”.
له‌ڕابردوودا كه‌ نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری پێشوتری شاره‌وانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، به‌ چاودێری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و پارێزگار، دواجار توانرا به‌پێدانی زه‌وی له‌ نزیك دێی گه‌زنه‌، گرفتی زیانلێكه‌وتوانی گوندی كۆری چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو له‌وێش هه‌ڵكه‌ندران و له‌ ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢، سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا نه‌خشه‌ی نوێی زه‌وییه‌كانی گوندی كۆری و گواستنه‌وه‌یان بۆ شوێنی پێشووڕاگه‌یاند، تێیدا هاتبوو، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ ئاگاداری پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێرڕاسپێردرا، كه‌ لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنێت له‌ به‌شی نه‌خشه‌دانانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی هه‌ولێر، بۆ ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ی نوێی و ئه‌مڕۆ ته‌واو كرا.
ئێستاش خاوه‌ن زه‌وییه‌كان كه‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ ‘زیانلێكه‌وتوانی گوندی كۆری’ و ساڵانێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونیڕزگاربوون له‌ كرێچێتی و خه‌نی پێگه‌یشتنی خانووه‌كانیان، به‌ چه‌ندان هه‌وراز و به‌ربه‌ست و گرفتی‌ جۆراوجۆر ئاشنا كراون و باری هه‌ژاریی قورستر كردوون، تاڵاوی دابه‌شكردنی ژماره‌كان به‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌دا هەڵدەڕێژن.