ئەشواق جاف:ھۆکاری گەیاندنی عێراق بەم بارودۆخە، تەفسیری میزاجی سیاسییە بۆ بەندەکانی دەستوور

بەھۆی ئەو ململانێ سیاسییەی لە دوای ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، عێراقی گرتۆتەوە، دادگای فیدڕاڵی کەوتۆتە ژێر ھەژموون و کاریگەری سیاسی، بەتایبەتی لەو ماوەیەدا لەسەر پرسی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەركۆمار و دوورخستنەوەی کاندیدێکی ئەو پۆستە، بڕیاردانی لەسەریاسای نەوت و گازی ھەرێم بەروونی دەرکەوتووە، سەرجەمی بڕیارەکانی دادگا سیاسین، نەک یاسایی.

بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی عێراق، تایبەت بە فرۆشتنی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان کە بە نادەستووری لە قەلەمی داوە، کاردانەوەی زۆری لێ کەوتۆتەوە، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵین و دەڵێن، بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگای فیدراڵی لە بارەی دوورخستنەوەی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەركۆمار، ھەروەھا یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی دەستووری عێراق دەزانرێت.
رۆژی سیشەممەی ڕابردوو، دادگای فیدراڵیی عێراق گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناساند و داوای ڕادەستکردنەوەی نەوتەکەشی کرد، لە کاتێکدا لە ساڵی٢٠٠٥ـەوە عێراق گیرۆدەی نەبوونییاسایەکە کەرتەکە ڕێکبخات، ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت بە پشتبەستن بە چەند ماددەیەکی دەستووری کارەکانی کردووە.
بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی کە ڕایگەیاند فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە سەربەخۆ نادەستوورییە، دەبێت حکوومەتی ھەرێم ڕادەستی ناوەند بکات، کاردانەوەی ناوخۆ و عێراقی لێ کەوتەوە، ھەریەک لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بە جیا وەڵامیان ھەبوو.
ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر دەڵێت:” ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دوای ٢٠٠٣ تەنیا دەمووچاوەکانیان گۆڕاوە، ئەگەرنا بە ھەمان عەقڵیەتی مەرکەزی کار دەکەن و تەقەبووڵی فیدڕاڵیەت و دابەشکردنی دەستەڵات ناکەن، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کەناتوانن دەستوور جێبەجێ بکەن، بۆیە بە بەردەوامی پەنایان بردووە بۆ بڕیاری سیاسی، بە ھەموارکردنی دەستوور نەیان توانی ئەو کارە بکەن، دێن پەنا دەبەنە بەر دادگای ئیتحادی، چونکە ھەموارکردنەوەی دەستوور ئەگەر سێ پارێزگا دەنگی پێ نەدەن ناکرێت، بۆیە بڕیاری دادگای ئیتحادی بڕیارێکی نادەستوورییە، چونکە دەستوور مافی داوەتە پارێزگاکان و ھەرێمەکان نەوت و گاز دەربھێنن و ھەناردە بکەن، بۆیە ئەو بڕیارە نادەستوورییە، ئەگەر دەتەوێت بڕیارێک دەربکەی دەبێت پشت بە ماددەیەکی دەستووری ببەستی، نەک بەندە دەستوورییەکە کە خودی خۆی مافی داوەتە بەو لایەنە تۆ دەستەڵاتی ئەو لایەنە لێ وەربگریەوە و پێشێلی بکەی.
سەبارەت بەوەی بۆچی ٥٦ ماددەی دەستووری پێشێل کراون، بۆ دادگای ئیتحادی بڕیار لەسەر ئەو ماددانە نادات، کەچی دێت دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات، ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران،ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی کە ھۆکاری گەیاندنی عێراقە بەم بارودۆخە، تەفسیری میزاجی سیاسییە بۆ بەندەکانی دەستوور، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی ھەیە بە مافەکانی ھەرێمەکان و پارێزگاکان، چونکە زۆربەیان ئیمانیان بە فیدڕاڵیەت نییە، دەستوور بە شێوەیەکی سیاسی تەفسیر دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ ناکرێت.
ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکراشی کرد: “ڕووسیا غاز بۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ھەناردە دەکات، دەزانن لەو وڵاتە کێشە ھەیە و لە داھاتوودا کوردستان دەبێتە جێگرەوەی ڕووسیا بۆ ناردنی غاز بۆ زۆر وڵات، چونکە پێگەی ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی زۆر گرنگە، دەبینن کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیوەندییەکی بەھێزی ھەیە لە ڕێگەی سەردان و گفتوگۆی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری، بەڵام لە چوارچێوەی ئەوە دەستەڵاتەیە کەدەستوور پێی داوە، بۆیە پێشوەختە دەیانەوێت دەرگاکە دابخەن و ڕێگری بکەن بەو بڕیارەی دادگا، ئەمە لە کاتێدایە دادگای ئیتحادی، دەستووری پێشێل کردووە، ئەو پێشکەوتن و بەرەو پێشچوونە سیاسیی، ئابووری و وەبەرھێنانەی کوردستان بەخۆیەوە بینیووە لە ھیچ شوێنێکی ئەم ناوچەیە بوونی نییە و دەیانەوێت ئەم ھەموو شتانە تێک بدەن، ئەگەرنا زیندووکردنەوەی سکاڵایەکی پێش ١٠ ساڵ نیشانەی پرسیارە”.

ھەواڵی زیاتر