خاوەن رێستوڕانتێكی ئامەد بۆ :بە مانگێک نۆهەزار لیرە، كرێی كارەبام بۆ هاتووەتەوە

نرخی كارەبا و گازی سروشتی لە توركیا، بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، تەنانەت بەشێكی زۆری رێستوڕانت و كافێكانی توركیا و باكووری كوردستان، لە ئێواراندا دایدەخەن و كار ناكەن، چونكە ناتوانن پارەی كارەبا بدەن. ئەوەی هاووڵاتی نیگەران كردووە، لە رێستوڕانتەكانی توركیا، جیا لەپارەی خواردن پارەی خۆگەرمكردنەوەش وەردەگیرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست “هەولێر” كەوتووە، رێستوڕانت و كافێكانی باكووری كوردستان و بەتایبەت لە (ئامەد، روحا، مێردین)، بەهۆی گرانی نرخی كارەبا و گازی سروشتی بۆ خۆگەرمكردنەوە، ناتوانن رێستوڕانتەكانیان گەرم بكەن و كڕیار رازی بكەن، چونكە لە بری قازانج زەرەر دەكەن.
بۆ چارەسەری ئەم دۆخە و رزگاركردنی رێستوڕانت و كافێكان لە داخران، بە ئاگاداری حكوومەت، هەر كڕیارێك بیەوێت بێتە رێستوڕانت و ئامێری گەرمكەرەوەی بوێت، پێویستە بۆ هەر سەعاتێك بڕی 5 تا 15 لیرەی توركی بدات، جگە لە پارەی ئەو خواردنەی داوای دەكات.
واتە ئەگەر رێستوڕانتەكە 5 ئەستێرەیی بێت، 15 لیرە بۆ دانیشتنی هەر سەعاتێك وەردەگیرێت و ئەمەش هاووڵاتیانی باكووری كوردستانی نیگەران كردووە و دەڵێن، ئیدی ناتوانین لە كافێیەك دانیشین چا یان قاوەیەكیش بخۆینەوە.
نوسرەت كلیچ، رێستوڕانتێكی بچووكی هەیە لە ناوبازاڕی ئامەد، بەهۆی گرانی نرخی كارەبا و گازی سروشتی، هەر كەسێك بێتە دوكانەكەی پێی دەڵێت، بۆ هەر سەعاتێك 5 لیرە بدات ئەوەش لە بری خۆگەرمكردنەوە.
نوسرەت بۆ “هەولێر” دەڵێت: “پێشتر بە هیچ شێوەیەك پارەی خۆگرمكردنەوەمان لە كەس وەرنەگرتووە، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە، كرێی كارەبا دوو بەرامبەر زیادی كردوە و ناتوانین بیدەین ئەگەر پارە لە كڕیار وەرنەگرین. ئێمە پێمان ناخۆشە ئەو پارەیە وەردەگرین، بەڵام چارەمان نییە و حكوومەتیش رێی پێداوین”.
بەگوێرەی گوتەی نوسرەت، تەنیا لە یەك مانگدا، نۆ هەزار لیرەی توركی كرێی كارەبای بۆ هاتووەتەوە، لە كاتێكدا دوكانەكەی بچووكە و رێستوڕانتە گەورەكان 25 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە و ئەمەش وای كردووە قازانج نەكەن.
رەمەزان بینگۆڵ، سەرۆكی كۆمەڵەی گەشتیاری و رێستوڕانتەكانی توركیا، لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی داوە، هەر كڕیارێك بیەوێت بێتە رێستوڕانتەوە، دەبێت بەر لەوەی خواردن بخوات، بڕی 30 بۆ 40 لیرەی توركی بداتە خاوەن رێستوڕانت لە بری خۆگەرمكردنەوە، ئەگەر رازیش نییە، دەتوانێت نەیەتە رێستوڕنت بۆ نان خواردن.
ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، بەڵێنی بە هاووڵاتیانی توركیا و باكووری كوردستاندا، كە لە ماوەیەكی نزیكدا پلانیان داناوە بۆ كەمكردنەوەی نرخی كارەبا، بەڵام هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی تازە ئەستەمە نرخی كارەبا وەكوو پێشووتری لێ بێتەوە.
لە سۆسیال میدیای توركیا و باكووری كوردستان، ئەو بابەتەی گەرمە و زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت، بابەتی گرانی نرخی كارەبا و گازی سروشتییە و هەموویان فاتوڕەی كارەبا و گازی سروشتی شەیر دەكەن و هاواریان لێ هەستاوە لەبەر گرانی نرخەكەی.

ھەواڵی زیاتر