رۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی یان زمانی دایک ناسراوە و لەو رۆژەدا رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ بەرزراگرتنی ئەم رۆژە و بە بایەخدانی زیاتر بە زمانی زگماکی کۆمەڵێک رێورەسم و چالاکی جیاواز رێک دەخەن. بۆنەکە بە تایبەتی بۆ گەلی کورد گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە قوربانیی ستەمی دەسەڵاتی زاڵ بووە و هێشتا لەم سەردەمەشدا رێگری لەو نەتەوەیە دەکرێ تەنانەت بە زمانی خۆی بخوێنێت.
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ دا لە سالی ١٩٥٢ پۆلیسی پاکستان کە ئەو کات هێشتا بەنگلادیش بەشێک بوو لێی و جیا نەببوویەوە تەقەی لە خوێندکارانی زانکۆی داکا کرد کە خوازیاری خوێندن بە زمانی بەنگالی بوون و ژمارەیەک لە خوێندکاران بەو هۆیەوە کوژران و بریندار بوون.
لە ساڵی ١٩٩٩ رێکخراوی یۆنیسکۆی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکەگرتووەکان کە تایبەتە بە بەشی زانستی و رۆشنبیری و کولتووری رێکخراوەکە، هەمان رۆژی بە رۆژی جیهانیی زگماکی ناساند بۆ ئەوەی بەرگری لە پەرەپێدانی زمانی دایک بکرێت و وڵاتان لەسەر بنەمای زمانی دایک پەرە بە پەروەردە و خوێندن بدەن.
کەم نەبوون ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەی بە شێوەیەکی بەرنامەبۆدارێژراو هەوڵیان داوە زمانێکی دیاریکراو بەسەر زمانەکانی تردا بسەپێنن و دواجار ئەو زمانانە بتوێننەوە کە خاوەنی دەسەڵات نین. ئەو سیاسەتە لە زۆر وڵاتدا جێبەجێ کراوە و بەو هۆیەوە دەیان زمان لە ناوچوون و شوێنەواریشیان نەماوە.
نەتەوەی کورد لەو پڕۆسەیەی ئاسیمیلاسیۆن بەدوور نەبووە و لە جیاتی یەک دەوڵەت چوار دەوڵەتی داگیرکەر بە پلان و بەرنامە هەوڵی سڕینەوەی زمانەکەیان داوە و رێگرییان لەوە کردووە خەڵک بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن و پەرە بە زمان و ئەدەبیات و کلتووریان بدەن.
کورد دەمێکە رووبەڕووی ئەو سیاسەتە بووەتەوە و زمانەکەی خۆی لە فەوتان رزگار کردووە و لەو پێناوەدا قوربانی داوە. زمانی کوردی و گەلی کورد گەورەترین گەلی بێ دەوڵەتە کا تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە سەدەی ٢١ و لە سەردەمی بەجیهانیبوون و بان مۆدێرنیتە هێشتا هەندێک دەسەڵات هەن لە هەوڵی سڕینەوەی زمانی کوردی دان و رێگە لە دەربڕینی دەگرن.
لە تورکیا بۆ ماوەی نزیک بە سەدەیەک بە پراکتیک حاشا لە نەتەوە و زمانی کوردی کرا و خەڵکێکی زۆری کورد بە زۆر بە تورک کران و هەوڵ درا زمانی زگماکی خۆیان لە بیر بکەن. هەر چەندە کەم نین ئەو کوردانەی زمانی زگماکی خۆیان لە سایەی ئەو سیاسەتە بیر چۆتەوە بەڵام نەتوانراوە کورد لە ناو بچێت. لە ئێران لە چەندین قۆناغی جیاوازدا هەمان سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن پێڕەو کراوە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەوڵی سڕینەوەی زمانی کوردی و کولتوورەکەی دراوە.
هەرچەندە لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ مادەیەکی یاسایی بۆ هەندێک مافی کولتووری رەچاو کراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە. بەگوێرەی مادەی ١٥ی دەستووری ئێران ” زمان و رێنووسی هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە و هەموو بەڵگەنامەکان، نامە و دەق و پەرتووکی خوێندن دەبێت هەر بە زمانی فارسی بێت، هەڵبەت سود وەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و پێکهاتەکان لە رۆژنامە، بڵاوکراوەکان، راگەیەندنەکان و خوێندنیان لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.”
وەک ئاشکرایە لە ئێران خوێندن بە زمانی زگماکی قەدەغەیە و لە قوتابخانەکان فارسی زمانی فەرمییە و سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک قۆناغ گرنگی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی دەدرێ بەڵام زۆربەی نەتەوەکانی ئێران لەوە بێبەشن بە زمانی دایکی بخوێین یان بنووسنەوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت رێگە نادرێت مامۆستایان خۆبەخشانە پەرە بە زمانی زگماکی بدەن. زارا محەمەدی ئەو مامۆستایە بوو کە زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو لە دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی ئەدەبی و فەرهەمگی نۆژین، لە سنە خۆبەخشانە کاتی خۆی تەرخان کردبوو بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە خەڵک و لە پێناو برەودان بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ خست. ئەو لە هەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ راپێچی گرتووخانە کرا تا سزای پێنج ساڵ زیندانیی بکێشێت.
لە عێراق و سووریاش چ نەما بەسەر نەتەوەی کوردی نەهێنن. لە عێراق ئێستاش شوێنەواری ئەنفال و کیمیاباران نەسڕاوەتەوە و راستە لە ساڵی ١٩٩١ەوە قەوارەیەکی سیاسی لە باشووری کوردستان دروست بووە بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆیان بگونجێ کۆتایی بەو قەوارەیە دەهێنن، لە سووریاش راستە دۆخەکە کەمێک گۆڕاوە بەڵام دیمەشق مافەکانی کورد و تەنانەت خوێندنی بە زمانی زگماکیش بە رەوا نازانێت و تا ئەم ساتە لە هەوڵی سڕینەوەی زمانی کوردی و نەتەوەکەی بەردەوامە.
خوێندن و نووسین و فێرکردن بە زمانی دایکی یان زگماکی سەرەتاییترین مافە کە لە جاڕنامەی گشتی مافی مڕۆڤ ئاماژەی پێ کراوە لە روی زانستییەوە، ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی دەخوێنن لە ڕێکخستنی ڕەستە و دەربڕنی بۆچوونەکانیان سەرکەوتووترن و باشتر دەتوانن خۆیان لە گەڵ دەوروبەر بگونجێنن و داهێنەرترن.