هاتوچۆی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی سه‌ر شه‌قامی 120 مه‌تری بڵاو ده‌كاته‌وه‌ 


ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی هاتووچۆی هه‌ولێر

لە چەند کاتژمێری رابردوو، شەوی پێنج شەممە 17ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2022، گرتەیه‌كی ڤیدیۆیی له‌باره‌ی رووداوێکی هاتووچۆ بڵاوبوه‌وه‌ کە لەپێش گوندی (ئیتاڵی دوو) لەسەر شەقامی 120مەتری لە هەولێر روویداوه‌.

رووداوەکە لە نێوان لاندکرۆزێکی رەنگ رەش ژمارە (شارەوانی)حکومی بوو، لەگەڵ 5 ئوتومبێلی دیکە بوو.

لە گرتەکە دیاربوو کە شوفێری ئۆتۆمبێلە لاندکرۆزە حکومیەکە بەتەواوی ئوتومبێلەکەی لەژێر کۆنترۆڵ دەرچووبوو، ئەمەش بووه‌ هۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی نائاسایی رەفتار بکات.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەکە،  لەسەر فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وەزیری ناوەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەلێکۆڵینەوە کرا.

ئەنجامە بەراییەکان دەریانخست رووداوەکە لە دەروازەی گوندی (ئیتاڵی دوو) روویداوە کاتێک کە لاندکرۆزە حکومیەکە ویستویەتی بچێتە ناو ئه‌و گونده‌، ژمارەیەک ئۆتومبێل لە پێش و پشتی هەبوون و لە ئەنجامدا شوفێرەکە کۆنترۆڵی بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی نەماوە، لەگەڵ ئوتومبێلەکان تووشی پێکدادان بووە.

لە رووداوه‌كه‌ جگە لە زیانی ماددی کە بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هەموو لایەنەکانی ناو رووداوەکە لەنێوان خۆیان پێکهاتوون، سکاڵایان دژی یەکتری تۆمارنەکردووە، ئەوەی پەیوەندی بە مافی حکومەتەوە هەیە، بە فەرمانی جەنابی وەزیری ناوخۆ دەست بەسەر ئۆتومبێلە حکوومیەکە  داگیراوە و رەوانەی گەراجی دەست بەسەر داگرتنی هاتووچۆی هەولێر کراوە و لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی راستییەکان لەگەڵ شوفێرەکە دەستیپێکردووە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هەولێر

ھەواڵی زیاتر