وادەی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران ئاشکرا کرا 

بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ڕایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بە خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران تەواوبوون و ئەگەر پارە لە بانکەکان هەبێت هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت.  

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم، پێنجشەممە، 17-2-2022 ڕایگەیاند، “سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بە خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران لای ئێمە تەواو بوون و چەکی پارەکەش ئامادە کراوە.”   

وتیشی، “ئەگەر سیولە لە بانکەکان هەبێت و کێشەمان بۆ دروست نەبێت ئەوا هەفتەی داهاتوو دەرماڵەی سەرجەم خوێندکاران دابەش دەکرێت.”   

لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خوێندکاران، حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بۆ ئەمساڵی خوێندن هەر خوێندکارێکی ناوشار مانگانە بڕی 40 هەزار دینار و خوێندکارانی دەرەوەی شاریش بڕی 60 هەزار دیناریان پێبدات.   

ھەواڵی زیاتر