پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (69) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لاوان

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد بەبۆنەی (69) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییەکەیان.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:-

بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لێژنەكانی راپەڕاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان..

بەبۆنەی(69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان، یەكێتی قوتابیانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندامانی یەکێتیەکەتان و تێكڕای قوتابیانی كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە دڵسۆزانەو بەرپرسانە بۆ خزمەتكردنی توێژی قوتابیان و پشتیوانیكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەردەوام بن.
یەكێتی قوتابیانی كوردستان، ئەمڕۆ کە یادی (69) ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەكاتەوە، توانیویەتی بەم تەمەنە دەوڵەمەند و پر بەخششەی بە بەرنامەیەكی تۆكمە و پێشكەوتنخواز، كە هەڵقوڵاوی رێبازی پیرۆزی بارزانییە، لە گشت قۆناغەكانی خەبات و تێكۆشاندا، رۆڵێكی دیار و بەرچاو ببینێ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریدا، بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانەی بۆ خۆی و سەرجەم توێژی قوتابیان تۆمار كردووە.
دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دەستكەوتێكی گرنگ و بایەخداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە و، روون و بەرچاوە ئەرك و كاری توێژی بەرفراوانی قوتابیان چەندە بایەخدار و گرنگە و چ سەنگ و كاریگەریان هەیە بەسەر رێرەوی پەروەردە و فێركردندا چونكە هێز و توانایەكی لەبن نەهاتوون و وەك گەنجینەیەكی بەهاداری خەباتی گەلەكەمانن، لەو پێناوەشدا یەكێتـی قوتابیانی كوردستان چەندین سەركردە و كادیری لێهاتوو و دڵسۆزی بەرهەم هێناوە.
رۆڵی و سەنگی ئێوەی قوتابیان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە بەتایبەتی لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا، بۆیە پێویستە وەكوو هەمیشە سەری رمی تێكۆشان و وشیار كردنەوە و پێگەیاندنی نەوەیەكی وشیار و بەرپرسیار بێت و هەوڵ و كۆشش و بەرنامەكانتان لەپێناو پتەوكردن و بەهێزكردنی ئەم ئەزموونە و داكۆكیكردن لە دەسكەوتەكانمان بێت ، بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەكی گەشتر .
جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە و، هیوا خوازین هەمیشە لە ئاست گرنگی ئەم ئەركە پیرۆزەتاندا بن و جێگای متمانەی ئەو توێژە و پێشڕەوی بزوتنەوەی قوتابیانی كوردستان بن بۆ بەدیهێنانی تەواوی خواست و داواكارییە رەواكانتان.

سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەروەری و سەرفرازی یەكێتیەكەتان و مافەرەواكانی گەلەكەمان گیانیان بەخشی..
سڵاو لە(69)ساڵەی دامەزراندن و خەباتی بەردەوام و بێسرەوتنی یەكێـتی قوتابیانی كوردستان..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٧ـی شوباتی ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر