هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سۆران.. باندێكی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ ده‌ستگیركران 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سۆران ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، باندێكی پێنج كه‌سی به‌تۆمه‌تی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ ده‌ستگیركراون و رێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سۆران، دوای ئاگاداركردنه‌‌وه‌‌ی  پۆلیسی ناوشاری سـۆران له‌‌وه‌‌ی كه‌‌ باندێكی پێنج كه‌‌سی هه‌ڵساون به‌‌ بازرگانیكردن به‌ ئافـــره‌‌تێكی ته‌مه‌ن خوار  18 ساڵ، له‌سه‌ر بڕیاری دادوه‌‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆران توانرا تۆمه‌‌تباران به‌‌پێیی مادده‌‌ی 6 له‌‌ یاسای بازرگانیكردن به‌‌ مرۆڤ ده‌‌ستگیر بكرێن.

راشیگه‌یاند، دوو له‌ تۆمه‌‌تباره‌كان دانیشتوی شاری هه‌ولێرن، یه‌‌كێكیشیان دانیشتوی قه‌زای ئاكرێیه‌، دوو تۆمە‌‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ش دانیشتوی سۆرانن، له‌‌دوایی ده‌ستگیركردنیان دانیان به‌‌تاوانه‌‌كه‌‌یاندا ناوه‌‌، له‌ئێستاشدا ڕێككاره‌‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

پۆلیسی سۆران له‌ په‌یامێكیشدا بۆ هاوڵاتیان ده‌ڵێت، “دڵنیایی ده‌‌ده‌‌یین به‌‌ھاوڵاتیان كه‌‌ چاوپۆشی له‌‌ ھیچ تۆمه‌‌تبارێك ناكرێت له‌ هه‌ر شوێنێك خۆیان حه‌شار بده‌ن له‌‌ده‌‌ست یاسا ڕزگاریان نابێت”.