سەفین دزەیی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لە قەتەر ئاشکرا دەکات 

 سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر وەبەرهێنانی قەتەر لە کوردستان و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بۆ قەتەر و کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر و پرسی سیاسی و ئەمنی کرا.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کودستان و ئەندامی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ قەتەر ڕایگەیاند: “لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەمیری قەتەر، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری سەردانی قەتەریان کرد و دیداریان لەگەڵ ئەمیری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر و، وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازی و وزە هەبووە.”

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: “لە کۆی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای قەتەر، بەگشتی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە کراوە”.

سەفین دزەیی ڕوونیشی کردەوە: “بە شێوەیەکی گشتی و فراوان گفتوگۆ کرا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانی قەتەر لە کوردستان، ڕێککەوتنی مەبدەئییش هەبوو کە شاندی فەننی ئاڵوگۆڕ بکرێن بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەوەی کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی قەتەر لە چ بوارێکدا دەتوانن وەبەرهێنان بکەن و بازاڕی کوردستان چی پێویستە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش دا: “قسە لەسەر کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کراوە کە خواردەمەنی و بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازاڕی قەتەر بکرێت”.

سەفین دزەیی گوتیشی: “دیدارەکان دۆستانە بوون و بڕیار درا ئەم جۆرە دانیشتن و دیدارانە بەردەوام بن، ساڵانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی قەتەریان کردووە و شاندی باڵای قەتەریش سەردانی کوردستانیان کردووە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە زیاتر زانیاریی دا و گوتی: “لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەردا باس لە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرا”. 

ھەواڵی زیاتر