ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌ هه‌ڵگرتن و سزادانی سه‌رپێچیکارانی سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌كانی هه‌ولێر ده‌كرێت

دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ و مۆڵه‌تی سێ ڕۆژه‌ی سه‌رپێچیكارانی سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر هه‌ڵده‌ستن به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی شه‌قام و شۆسته‌كانی شار و به‌بێ بواردن و به‌ داخستن و پێبژاردن، ئیجرائات له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رپێچیكارێك ده‌كه‌ن، كه‌ شۆسته‌ و شه‌قامی به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت به‌كار هێنابێت.

هه‌ولێری پایته‌خت كه‌ له‌ڕووی ڕێگاوبانه‌وه‌ شان له‌ شانی زۆرێك له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتووی ئه‌وروپا ده‌دات، دیمه‌نی شوێنه‌كانی پیاده‌ڕۆی (شۆسته‌، ڕه‌سیف) هێڵنجهێنه‌ره‌، زۆرێك له‌ پیاده‌ڕۆیی لا شه‌قامه‌كانی به‌ كاڵا و مۆلیده‌ و كابینه‌ و سه‌به‌ته‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ و هتد…، گیراون، كاتێك له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌ به‌پێ ده‌ڕۆی، جیا له‌ به‌رز و نزمی زۆری پیاده‌ڕۆییه‌كانی، كه‌ هه‌ندێك شوێنی نزیكه‌ی به‌ ٤٠سم ده‌بێت، زۆربه‌یان بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌كار هاتووه‌ و ڕێبواران ناچار ده‌كات به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌رباز بن، هه‌ر دووكانداره‌ و هه‌رچی كاڵای هه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵچنییه‌وه‌ و ڕێگه‌یه‌كی بۆ ڕێبواران نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، مۆلیده‌ی كاره‌باییه‌ و به‌درێژی ته‌واوی داگیر كردووه و ڕۆنی ڕه‌شی به‌و ناوه‌دا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌‌، فه‌رمانگه‌ی حكوومییه‌ و كابینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م قیت كردووه‌ته‌وه‌، هه‌شه‌ به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی به‌كرێداوه‌ و هێنده‌ی دووكانێكی گه‌وره‌ كاڵای تێدا هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هیچیشی لێ نه‌بێت، ئه‌وا ئۆتۆمبێل به‌سه‌ر ده‌كه‌ون و به‌یه‌كجاری ده‌یبه‌ستن؛ خۆ كه‌سانێكیش هه‌ن به‌ فسفۆڕ و ته‌نه‌كه‌ی خۆڵ و تاد…، شه‌قامی به‌رده‌میان ده‌گرن، ئه‌وه‌ وه‌نه‌بێت یه‌ك و دووان بێت، وه‌ك دیارده‌ هه‌موو كوچه‌ و كۆڵان و بازاڕه‌كانی شاری هه‌ولێری گرتووه‌ته‌وه‌.
له‌ چاره‌سه‌ر و بنبڕكردنی ئه‌و دیارده‌یه‌، دوای ئاگادار كردنه‌وه‌ و مۆڵه‌تدانی سێ ڕۆژ به‌ هاووڵاتیان، ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی تیمی تایبه‌تی سه‌رجه‌م شاره‌وانییه‌كان، به‌ هاوكاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تی ڕێكخستنەوه‌ی شه‌قام و شۆسته‌كانی شاری هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كات و سیامه‌ند كه‌ریم گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێریش ده‌ڵێ “له‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنانه‌ی شه‌قام و شۆسته‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار هێناوه‌”.
سیامه‌ند كه‌ریم ڕایده‌گه‌یه‌نێ، شاره‌وانی ئاگاداره‌ كه‌ هه‌ندێك شوێن به‌كرێدراوه‌ و هه‌ندێك شوێنیش كه‌ پێشتر ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و داخراوون، له‌مڕۆش به‌دواوه‌ هیچ سه‌رپێچیك له‌ سزادان به‌ده‌ر نابێت.
شه‌قام و شۆسته‌كان كه‌ مڵكی گشتین، به‌پێی زانیارییه‌كان، سزای شاره‌وانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پیاده‌ڕۆ و شه‌قام بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان به‌كار ده‌هێنن، سزاكه‌ی داخستن و پێ بژاردنه، كه‌‌ له‌ ٥٠٠ هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا ملیۆنێك و ٥٠٠ هه‌زار دیناری عێراقیی.
له‌ ١٣ ی شوباتی ٢٠٢٢، ئه‌ندازیار عه‌بدلواحید ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تی ڕێكخستنه‌وه‌ی شه‌قام و شۆسته‌كانی شاری هه‌ولێری ڕاگه‌یاند و هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌مه‌ودوا ڕێگه‌ناده‌ین خه‌ڵك شۆسته‌ و شه‌قامه‌كان به‌كار بهێنێت.
به‌ڕێوه‌به‌ر‌ی شاره‌وانی گوتی “بڕیار بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی شار و هه‌ڵگرتنی ئه‌و زێده‌ڕۆییانه‌ی سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌كان دراوه‌ و ئه‌و دوكان و هۆتێل و ماركێتانه‌ی كه‌لوپه‌ل له‌به‌ر ده‌میان داده‌نێن و شه‌قام و شۆسته‌ ده‌گرن، دوای ئاگادار كردنه‌وه‌ سزا ده‌درێن”.