فازڵ میرانی: کوردستان و پارتی سەرفرازن کە ڕۆڵەیەکی وەک کاکە ڕۆژمان هەبوو

ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و کەسوکار و خانەوادەی کۆچکردوو د.ڕۆژ، مەراسیمێک بەڕێوەچوو.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، ئاماژەی بە ڕۆڵ و کەسایەتیی کۆچکردوو کرد و ڕایگەیاند؛ ساڵیادی کۆچکردنی برایەکی ئازیز و ڕۆڵەیەکی دڵسۆزی ئەم وڵاتە، کە وەفای بۆ وڵاتەکەی و بۆ کوردستانیەکان وەکو یەک بوو. 

میرانی گوتی؛ باس کردنی کەسایەتییەکی وەکو کاک د.ڕۆژ، کە خۆی ژمارەیەک بوو لە کوردستان، بووە ژمارەیەکیش لە عێراق و ناوچەکەی ئێمە و نێودەوڵەتیش، بەوەی کە کورێ نوری شاوەیس بووە و کوڕی ئافرەتێکی ناوداری کوردستان بووە، کۆچکردوو ناهیدە شێخ سەلام، یەکەمین ئافرەت کە ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی حزبێک کە حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

فازڵ میرانی، لەوبارەیەوە کە چۆن د.ڕۆژ بووە بەو ژمارەیە، زیاتر گوتی؛ لە ڕۆژانی خوێندنیدا لە زانکۆی موسڵ بەشی ئەندازیاری لە مولاحەقەی ڕژێم و کاربەدەستانی ڕایکردبووە ناو شۆڕشی ئەیلوول و دواتر گەڕایەوە و لە ساڵاکانی دوای حەفتا بوونی بە کادیرێک و کەسایەتییەکی لێهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستان. هەروەها گوتی ؛ ڕۆڵبینینی لە کۆمەڵەی خوێندکارانی ئەوروپا بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ٩ و بوونی بە ئەندامی سەرکردایەتی و دواتر بوونی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، لە بەرخودان و شۆڕشی چەکداری هەر لە بامەڕنی و سوتکو و بادینانەوە ڕۆڵی کاک ڕۆژ دیاربوو تا دەڤەرەکانی قەرەداغ و پارێزگای سلێمانی، دوای سەرهەڵدان کاک ڕۆژ بووە ژمارەیەکی دیکە بەشێوەیەکی دیکە و بوو بە پەرلەمانتارێکی ڕێک و پێک و سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەت وە سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرکۆماری عێراق و جێگری سەرۆکی حکوومەتی عێراق و جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی پارتیمان، ئەمانە هەمووی ئەوە دەگەیەنێت کاک ڕۆژ تەنیا لە خێزانێک نەڕۆی و تەنیا لە حزبێک نەڕۆی کە تیایدا پێگەیی، بەڵام ئەجەل وای کرد نەکرد زیاتر بەشداری بکات لە پێشوەبردنی ئەم حزبە و موئەسەسەی حکوومەت و پەرلەمانتێری.

فازڵ میرانی زیاتر گوتی؛ ئەوەی کاک ڕۆژ کردوویەتی و بە نیاز بوو بیکات، هەموو مرۆڤێک ناتوانێت یان نایزانێت بیڵێت لە کۆڕێکی وادا، من هەر ئەوەندە دەڵێم، خانەوادەکەی ڕۆژ سەرفرازن، شاری سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی سەرفرازن، وە کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەرفرازە کە ڕۆڵەیەکی وامان هەبوو.

ھەواڵی زیاتر