پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بەهۆی تەنگەژەی داراییەوە سەدان بەڵێندەر تووشی مایەپووچی هاتوون

چواس خالید – هەولێر

دوای ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش، له‌ هه‌ولێر زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان وه‌ستان و به‌هۆیانه‌وه‌ زۆرێك له‌ به‌ڵێنده‌ران مایه‌پوچ بوون، ئه‌وان كه‌ دارونه‌داریان له‌و پڕۆژانه‌دا خه‌رج كردووه‌ و پاره‌كانیان لای حكوومه‌ت گیر بووه. بێپاره‌یی گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیندان و ئیهانه‌ و كوشتنی بۆ كردوونه‌ته‌ دیاری.

هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌ ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی، ده‌رگای گه‌شانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ و تێیدا به‌خێراییه‌كی سه‌رسووڕهێن پڕۆژه‌ جۆراوجۆره‌كان لێره‌وله‌وێ هه‌ڵده‌تۆقین، زۆرترین پڕۆژه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بنیات نران، ئێستا به‌شێك له‌ به‌ڵێنده‌رانی ئه‌و شاره‌ ژیانێك ده‌ژین كه‌س به‌ حاڵیان نه‌بێت.
به‌ر له‌ ته‌نگژه‌ی دارایی، هیوا بورهان عومه‌ری به‌ڵێنده‌ر له‌ كۆمپانیای ئاژوان بێجان، ده‌ستی به‌ ڕۆنانی سێ پڕۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كرد، به‌ڵام دوای ساڵانێك و به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنه‌وه‌ی پاره‌؛ كه‌ ده‌بێت له‌هه‌ر قۆناغێكی جێبه‌جێكردن بڕی دیاریكراوی له‌ گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ پێ بدرێت، به‌نیوه‌چڵی به‌جێ هێڵدراوه‌.
یه‌ك له‌ پڕۆژه‌كانی ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌، كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆشنبیری و كتێبخانه‌ی شه‌قڵاوه‌یه‌، گوژمه‌كه‌ی ملیارێك و ١٦٠ ملیۆن دیناری عێراقیه‌ و ٤٥%ی پڕۆژه‌كه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌؛ پڕۆژه‌ی دووه‌می هۆڵی وه‌رزشی داخراو بۆ كه‌مئه‌نداماندامان، ئه‌ویش تێچووكه‌ی سێ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن دیناره‌ و ٥٠%ی كاره‌كانیان ته‌واو كردووه‌؛ پڕۆژه‌كه‌ی دیكه‌شی، ڕۆنانی ٢٨٠ یه‌كه‌ی نیشته‌جێكردنه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت له‌ پشت ماجدی مۆڵی هه‌ولێر، گوژمه‌كه‌ی ١٧ ملیار و نیو ملیۆن دیناری عێراقییه‌ و ٢٨% ی كاره‌كانی ته‌واو كردووه‌، ئه‌و كه‌ زیادتر له‌ شه‌ش ملیار دیناری له‌و سێ پڕۆژه‌یه‌ خه‌رج كردووه‌، جگه‌ له‌ دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناری عێراقییه‌ی كه‌ به‌ر له‌ ته‌نگژه‌ی دارایی وه‌ریگرتووه‌ته‌وه‌، هه‌شت ساڵه‌ هیچی پێ نه‌دراوه‌.
ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ كه‌ هه‌رچی هه‌یبووه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی خه‌رج كردووه‌، ئێستا هه‌رسێكیان وه‌ستاون و ئه‌و كه‌ له‌بری خانوویه‌ك سێ خانووی هه‌بووه‌، ئێستا كرێچییه‌ و دوو ئۆتۆمبێله‌كه‌شی فرۆشتووه‌، هه‌ر قه‌رزداره‌ و له‌ دادگاش دوو سكاڵا له‌ دژی تۆمار كراوه‌، سه‌رباری ئه‌وانه‌ به‌هۆی جیاوازی نرخی دۆلاره‌وه‌، كه‌ له‌ ڕابردوودا حكوومه‌تی عێراقی به‌ فه‌رمی گرانی كرد، به‌گوته‌ی خۆی پڕۆژه‌كانی زۆر زیان ده‌كات؛ بورهان ده‌ڵێ “چاوما له‌ ڕووحمی خوا و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ ئاوڕمان لێ بداته‌وه‌”.
یه‌كێكی دی له‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ی ته‌نگژه‌ی دارایی لولی داوه‌، به‌ڵێنده‌ر قه‌ره‌نی كوێخا ئه‌حمه‌ده‌، ئه‌ویش كه‌ چوار پڕۆژه‌یڕاده‌ست كردووه‌، جیا له‌و پارانه‌ی به‌چه‌كی بێڕه‌سید پێی دراوه‌، ٤٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی لای حكوومه‌ت ماوه‌ و ده‌ڵێ “له‌و چه‌كانه‌یپێیان داوم ٦٠ ده‌فته‌ر دۆلارم زه‌ره‌ر كرد، مه‌وادم هێناوه‌ و پاره‌ی خه‌ڵك قه‌رزدارم، ئێستاش هه‌رچی هه‌مه‌ لای حكوومه‌ته‌”.
هاوشێوه‌ی هیوا و قه‌ره‌نی تەنیا لە هەولێر، لەو هەزار و ٥٢٨ بەڵێندەرەی ناویان لە یەكێتیی بەڵێندەرانی هەولێر تۆمارە، زیادتر له‌ ٤٠٠ بەڵێندەریان بە تەڵەی تەنگەژەیی داراییەوە بوون، ئه‌وان كه‌ پاره‌كانیان له‌ پڕۆژه‌كاندا خه‌وتووه‌، به‌هۆی ته‌نگژه‌وه‌ پاره‌كانیان بۆ خه‌رج ناكرێته‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر، دۆخی ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ زۆر خراپه‌ و زۆرێكیان تووشی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌، كه‌ هه‌یانه‌ خۆی كوشتووه‌، هه‌یه‌ كوژراوه‌ و هه‌یه‌ ڕای كردووه‌ و هه‌یه‌ زیندانی كراوه‌ و هه‌شه‌ ماڵ و موڵكی هه‌مووی هه‌راج كراوه‌‌.
دكتۆر سەرۆ ئیسماعیل دزەیی سەرۆكی یەكێتیی بەڵێندەرانی هەولێر، ئاماژە بە ژیانی سەختی به‌ڵێنده‌ران ده‌دات، بەهۆی تەنگەژەی دارایی، گرفتی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ و پڕۆژەكان وەستان و ئه‌وه‌ش زۆرێك له‌ به‌ڵێنده‌رانی مایه‌پووچ كردوه‌، ئه‌و ده‌ڵێ: “ئێستا كه‌ پڕۆژه‌ی نوێ جێبه‌جێ ده‌كرێت، دوا ده‌كه‌م حكوومه‌ت ناوه‌ ناوه‌ بڕێك له‌ پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران خه‌رج بكات، كه‌ نزیكه‌ی ٣٢٥ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر لای حكوومه‌ت ماوه‌”.
گرفته‌كانی به‌ڵێنده‌ران كه‌م نین و سه‌رۆكی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر داوا ده‌كات، بۆ باشكردنی دۆخی به‌ڵێنده‌ران خه‌رجكردنی فه‌رقی دۆلار جێبه‌جێ بكرێت و ماوه‌یه‌كیش بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و چه‌كانه‌ دابنێت، كه‌ پێشتر به‌ به‌ڵێنده‌ران دران و له‌ هیچ شوێنێك لێمان وه‌رناگیرێت.
به‌ڵێنده‌ران كه‌ ڕۆڵی گرنگیان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانی ژێرخاندا هه‌یه‌، ته‌نگژه‌ی دارایی كارێكی به‌سه‌ر هێناون با به‌ده‌واری شڕی نه‌كردبێت، ئه‌وان كه‌ بۆ زیادكردنی سه‌رمایه‌كانیان پڕۆژه‌كانیان ده‌ست پێ كرد، سه‌رمایه‌كانیان له‌ پڕۆژه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كاندا گیربووه‌ و به‌گوته‌ی خۆیان “هه‌یه‌ هیچی نه‌ماوه‌ و ده‌رۆزه‌ ده‌كات، هه‌شه‌ تووشی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ و بووه‌ته‌ قاتڵ و هه‌شه‌ خێزانی له‌ده‌ست داوه‌ و هه‌شه‌ كوژراوه‌ و هتد…”، ئێستاش چاویان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ ئاوڕی خێریان لێ بداته‌وه‌.

پاشخان:
له‌ سه‌ره‌تای ته‌نگژه‌ی دارایی، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، نزیكه‌ی هه‌زار و ٢٠٠ پڕۆژه‌ له‌ جێبه‌جێكردندا بوون، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زار و ٨٠ دانه‌یان وه‌ستان، له‌ مانگی تشرینی ٢٠١٨، كه‌ ملیارێك دۆلاری ئه‌مریكی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران لای حكوومه‌ت مابوو، حكوومه‌تیپێشوو ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری به‌ دووجار بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج كرد، بڕێكیش به‌ چه‌كی بێڕه‌سید و به‌مه‌رجی خه‌رجنه‌كردن به‌ به‌ڵێنده‌ران درا، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، پاره‌ی نه‌ختینه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌رخانكرا، كه‌ ڕێژه‌ی جێبه‌جێكردنیان سه‌روویی٨٥% ه‌، كه‌ ١٤٨ پڕۆژه‌ بوون و دواتریش، بڕیاری خه‌رج كردنی تێچووی ٧٦ پڕۆژی دی درا، كه‌ ٧٥% كاره‌كانیان ته‌واو كرابوو.