هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سه‌رۆكی ئه‌ركان و شاندی هاوپه‌یمانان بارودۆخی  ئه‌منی و سه‌ربازی ناوچه‌كه‌یان تاوتوێكرد

سه‌رۆكی ئه‌ركان پێشوازی له‌ گه‌وره‌ راوێژكاری هاوپه‌یمان كرد.

ئه‌مڕۆ 13ی شوباتی2022، فه‌ریق جه‌مال محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌ركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌ ئاماده‌بوونی عه‌مید روکن محه‌مه‌د سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری پەیوەندییەکان و  هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌ت، پێشوازی له‌ كۆڵۆنێڵ تاد برۆس گه‌وره‌ راوێژكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێکدا، باس له‌ بارودۆخی  ئه‌منی و سه‌ربازی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی كرا، تیشك خرایه‌ سه‌ر پەیوەندی و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامی نێوان پێشمه‌رگه‌ و  هێزه‌كانی  هاوپه‌یمانان.
هه‌رله‌ دیداره‌کەدا، ئاماژه‌ به‌ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی دوو لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ كرا‌، تیایدا، به‌گرنگیه‌وه‌ باس له‌كاری هاوبه‌شی ئه‌و دوو هێزه‌ له‌ سنوری ناوچه‌کانی ئەمنی هاوبەش کرا.
هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی پڕۆسەی چاكسازی  و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كان له‌و بواره‌دا، تەوەرێکی تری گفتوگۆی نێوان  سه‌رۆكی  ئه‌ركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و  شاندی میوان بوو.