كۆنفرانسێك بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی توانستی پەرستاران بەڕێوە چوو

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

لە كۆنفرانسێكی تایبەتدا كە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە شاری دهۆك بەڕێوە چوو، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی زانکۆی دهۆک و لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان، باس لە بەرەوپێشبردنی ئاستی توانستی پەرستاران كرا.

د. سامان به‌رزه‌نجی، وەزیری تەندروستی، لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند: ”ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ تیمێکی وڵاتی ئیتالیا و هاوكاران لەگەڵ ئەو تیمە دەستیان بە بابەتێکی گرنگ کردووە کە بەرەوپێشبردنی ئاستی توانای پەرستارانە لە بواری خزمەتگوزاری ناو دامەزراوە تەندروستییەکاندا و سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی كۆنفرانسەكەش خواست. گوتیشی: ئەوەش جێی دڵخۆشی و هەنگاوێکی گرنگە و هیوادارین هاوکاریی نێوان زانکۆ و تەندروستیی دهۆک بەردەوام بێت و ئەنجامی ئەم پرۆژەیەش لە داهاتوودا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان وەکوو پرۆژەیەکی سەرکەوتوو دیار کەوێت، ئەم پرۆژەیە بۆ ئێمە لە وزارەتی تەندروستی زۆر گرنگە، چونكە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردن لەگەڵ چاكسازیكردن لە بواری سیستەمی تەندروستی وە بەرزكردنەوەی ئاست و تواناكانی خزمەتگوزاری كەرتی تەندروستی كە ئەمە ئامانجێكی سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: ئەم پرۆژەیە گرنگە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی نەخۆشەکان بکرێت و کەرتی تەندروستی پێش بکەوێت، هیوادارم ئەمە دەستپێکە لە ئایندەدا ببێتە هۆی چاكسازیكردن لە سیستەمی تەندروستیدا.

ھەواڵی زیاتر