خواستی زۆر لەسەر غازی سروشتی هەرێمی کوردستان هەیە

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات و لە وڵاتانیش بەتایبەت تورکیا خواستێکی زۆر ھەیە بۆ غازی سروشتی ھەرێم بۆ ئەو وڵاتە، چونکە ھەرێمی کوردستان زۆر نزیکە لە تورکیا و لەبەرژەوەندی ھەرێمیش دایە، چونکە ھەناردەکردنی غاز بۆ وڵاتان چەند نزیک بێت تێچووی کەمترە و بۆریەکەشی پارێزراوترە، بۆیە ھەرێمی کوردستان بەپێی بەرژەوەندی خۆی کار دەکات و ھەنگاو دەنێت نەک وڵاتان.

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “خواست لە دەرەوە لە وڵاتان بۆ غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان زۆرە بەتایبەت ئەو ململانێیەی لەنێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا لەسەر ڕاکێشانی غازی سروشتی بۆ وڵاتان و نەگونجانیان لەگەڵ یەک ھەڕەشە لەیەکتر دەکەن کە ھەناردەی غاز لەسەر یەکتری ڕابگرن وەکو ئێران غاز بۆ تورکیا نەڕوات و فشارەکانی سەر ئۆکرانیا ئاڵۆزە کە غاز کەم دەڕوات و تورکیاش غازێکی زۆر بەکاردێنێت و نزیکترین شوێنی ڕاکێشانی بۆری غاز بۆ تورکیا کوردستانە، بەڵام ئێمە نابینە شوێنگرەوەی دابینکردنی غاز بۆ ھیچ وڵاتێک و ئەگەر ئەو سەقامگیرییەو ئەمنیەتە بەردەوام بێت دەتوانین غازێکی باش بۆ وڵاتان دابین بکەین”.
راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی باسی لەوەشکرد: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات، بەڵام پێویستە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەعێراقیش ھەبێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەرێم و بەغداش ھەبێت”.
دکتۆر بێوار خنسی ئاماژە بەوەش دەکات: “خۆی گرینگە ئەگەر بتوانی نەوت و غاز لە ناو وڵات بە پیشەسازی بکرێت، بەڵام بۆ ھەناردەکردنی کامە وڵات بەرژەوەندی زیاتری ھەرێم بێت بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت، چونکە داھات زیاتر دەبێت و ئێستا تورکیا نزیکترین وڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەی غاز و پارێزراوتریشە، چونکە ھەندێک وڵات ھەیە بەسەدان ھەزار (کم) بۆرییان ڕاکێشاوە، بەڵام لە ھەرێم بۆ تورکیا زۆر نزیکە، بۆیە لەبەرژەوەندی ھەرێمی و تورکیاش دایە”.
خنسی جەخت دەکاتەوە: “کە غاز ڕەوانەکرا بۆ دەرەوە سەرچاوەکانی داھات زیاد دەبێت، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی زانستی غاز بکرێتە سەرچاوە و بەشێوەیەک بێت داھاتی ھەرێم زیاد بکات و دەرھێنانی تێچووی زۆر نەبێت و کاریگەری لەسەر دەرھێنانی نەبێت و زوو تەواو بکرێت و تەمەنی درێژ بێت، چونکە ئەگەر بەشێوەی زانستی نەبێت زوو تەواو دەبێت، بەڵام ھەرێم دەوڵەمەندە بەغازی سروشتی و غازەکەی دەگاتە ٥،٧ ملیار پێ سێجا و ساڵانە ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا بفرۆشرێت، داھاتێکی زۆر بۆ ھەرێم دابین دەکرێت، چونکە ھەرێم ھاوشێوەی وڵاتان دەوڵەمەندە بەغاز، بۆیە کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و غازیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر