گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن باڵەخانەی دادگای سلێمانی فرۆشراوە و دەڵێت “ئێمە هەر موڵکێک بفرۆشین بە فەرمی رایدەگەیەنین و دەیخەینە موزایەدەوە”.
لەسەر بڵاوبوونەوەی دەنگۆی فرۆشتنی باڵەخانەی دادگای سلێمانی لە میدیاکاندا، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی، بە کوردستان 24ی راگەیاند “ئێمە کاتێک موڵکێک دەفرۆشین لە رۆژنامە و ماڵپەرەکان ئاگاداری بڵاودەکەینەوە و دەیخەینە موزایەدەوە و بەفەرمی دەیفرۆشین، لەماوەی رابردووشدا چەند موڵکێکمان بەوشێوەیە فرۆشتووە”.
گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی باسی لەوەشکرد “باڵەخانەی دادگای سلێمانی، لە چوارچێوەی موڵکەکانی شارەوانی سلێمانیدایه و هیچ نیازێک نییە لە شارەوانی بۆ ئەوەی ئەو موڵکە بفرۆشێت”.
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە دوای ئەوە هات کە رۆژی 8ی شوباتی 2022، لقی سلێمانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، پارێزەرانی ئاگادارکردەوە لەوەی کە بۆ ماوەی 10 رۆژ، گەراجی دادگا کە تایبەتە بە پارێزەران دادەخرێت، بەمەبەستی چاککردنەوە و رێکخستنەوەی. دادگای سلێمانی دەکەوێتە سەر نزیک یەکتربڕی سەرچنار و شەقامی سەرەکی سلێمانی – کەرکووک، رۆژانە سەدان هاووڵاتی بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی ئەو دادگایە دەکەن.