هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

چیک ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەرەو پێشبردنى پەیوەندییەکانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم لە هەموو بوارەکاندا

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەمە 2022.2.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە کارڵ کۆرتانیک، کونسڵى نوێی کۆماری چیک له‌ هەولێر کرد .
لەدیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى، بەبۆنەى دەستبەکاربوونی وەک کونسڵى کۆماری چیک لەهەولێر پیرۆزبایی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا و تەئکیدى لە پەرەپێدانى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورى و بازرگانی و فەرهەنگى و کەللتورى و هونەرى نێوان کۆماری چیک و هەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەیی هەموو هاوکار و ئاسانکارییەکى بۆ سەرکەوتنى کارەکانیان نیشاندا.
لەلایەن خۆیەوە کونسڵى چیک لەهەولێر تیشکى خستە سەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک و ئامادەیی خۆیی و وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتى لە کەرتى گەشت و گوزار،  ڕاشیگەیاند، کاردەکەن بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییە ئابوورىەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چیک و هەرێمى کوردستان، لەئێستاشدا ئامادەکارى دەکەن بۆ هاتنى شاندێکی بازرگانی وڵاتى چیک بۆ هەرێمی کوردستان و کردنەوەى پێشانگایەکى تایبەت لە هەولێرى پایتەخت.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، باس لە ڕۆڵى پێشمەرگە و سەرکەوتنی کوردستان بەسەر تیرۆرستانى داعش و بەردەوامیدان بە پشتیوانیكردنی هێزەکانى پێشمەرگە و ڕەوشى ناوچەکە بەگشتیى و چەند تەوەرێکی دیکەی گرنگ کرا.