قەتەر، دێتە ناو بازاڕەکانی عێراق و، بۆ دابینکردنی وزە جێگای ئێران دەگرێتەوە

بازاڕەکانی عێراق بۆ وڵاتانی ناوچەکە زۆر گرنگە و ڕەکابەری وڵاتان لەو بازاڕە لە پەرەسەندندایە. قەتەر وەک وڵاتێکی تری عەرەبیی کەنداو، هاتووەتە ناو بازاڕەکە و ئامانجیەتی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق بە گازی سروشتی، جێی ئێران بگرێتەوە؛ ئێرانییەکانیش جگە لە کاریگەریی سزاکان، هۆکارە سەرەکییەکە بۆ کەمتەرخەمییەکانی خۆیان هەژمار دەکەن.

عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق کە سەردانێکی کورتخایەنی بۆ قەتەر هەبووە، لەگەڵ سەعد کەعبی وەزیری وزەی قەتەر تاوتوێی دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراقیان کردووە. دوو لایەنی عێراقی و قەتەری بە وردی باسیان لە لایەنە لۆجستیکییەکانی گواستنەوەی گازی سروشتی لە بەندەرەکانی قەتەرەوە بۆ عێراق کردووە.ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند ساڵی ڕابردودا ئێران یەکێک لە دابینکەرە سەرەکییەکانی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق بووە.
ئەو هەنگاوەی قەتەر بەوە لێک دەدرێتەوە کە ئەو وڵاتە ببێتە ئەلترناتیڤێک بۆ ئێران و لە داهاتوودا لە جیاتی ئێران گازی سروشتیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق دابین بکات.
وەک ئاشکرایە، ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە لە فرۆشتنی گاز و کارەبا بە عێراق و تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠١٨ەش کە ئەمەریکا قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، ڕێگریی لە فرۆشتنی گازی سروشتی ئێران بە عێراق نەکرد و حکوومەتی ئەوکاتی ترەمپ بەو مەرجە ڕێی بە عێراق دا گازی سروشتی لە ئێران بکڕێت، کە بۆ دابینکردنی گازەکە چ لە ناوخۆ و چ لە وڵاتی تر هەنگاوی جیددی بنێت و بەستراوەبوونی خۆی بە وزەی ئێران کەم بکاتەوە و دواجار بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت.
پرسی فرۆشتنی گازی سروشتی، دوو مانگ جارێک یان سێ مانگ جارێک لە لایەن ترەمپ و دواتریش لە لایەن جۆ بایدنەوە درێژ کراوەتەوە، ماوەی ڕابردووش ئەمەریکا مۆڵەتەکەی بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ درێژ کردەوە.
ئێران لە پرسی فرۆشتنی گازەکەی بە عێراق تەنانەت نەیتوانیوە بە کاش پارەکەی وەربگرێت و بەرپرسانی ئێران چەند جارێک ڕایانگەیاندووە سەرووی پێنج ملیار دۆلاریان لای عێراقە، بەڵام ڕێکاری گونجاو بۆ گەڕانەوەی پارەکە نییە و تەنیا دەتوانن لە بری ئەو پارەیە، کاڵا و پێداویستیی مرۆیی هاوردە بکەن.
حکوومەتی عێراق دەستی بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی پەرەپێدانی وزە لە ناوخۆ کردووە و لە بەرنامەیدایە لە داهاتوودا بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە. یەکێک لەو کۆمپانیایانەش لەو بوارەدا وەبەرهێنانی کردووە، کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسایە. لە لایەکی ترەوە پلانی ئەوەی هەیە گازی بەفیڕۆچوو لە بیرە نەوتییەکان کۆنترۆڵ بکرێت و بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاری بهێنێت، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکی پێویستە تا بەو قۆناغە دەگات و چی دیكە پێویستی بە ئێران نامێنێت.
هەنگاوێکی تری حکوومەتی عێراق هانابردنە بۆ وڵاتانی تری کەنداو، ژمارەی زیاتری کۆمپانیای وەبەرهێنان لە وڵاتانی کەنداو لە هەوڵی ئەوەدان لە عێراق وەبەرهێنان بکەن و هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە، کوێت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کوێت لەم بوارەدا ڕۆڵیان هەبووە. تورکیاش لە هەوڵی ئەوە دایە زیاتر بخزێتە ناو بازاڕەکە و تەنانەت بیکات بە ڕێگایەکی ترانزیتی بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانی بۆ کەنداو.
ئارەش نەجەفی، کە سەرۆکی کۆمسیۆنی وزەی ژووری بازرگانیی ئێرانە، پێی وایە هاتنی قەتەر بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق بە تەواوی لە قازانجی قەتەردایە و، هۆکارە سەرەکییەکەش بۆ کەمتەرخەمییەکانی ئێران دەگەڕێتەوە کە نەیتوانیوە وەک پێویست لە بواری گازی سروشتیدا وەبەرهێنان بکات و هەناردەی بکات. ئێران لە کارگێڕیی کەرتی وزەدا سەرکەوتوو نەبووە، تەنانەت لە دابینکردنی گازی سروشتیی ناوخۆش، تووشی قەیران بووە. ناوبراو باسی هەڵەیەکی تری ئێران کرد کە دوو ساڵ لەمەوبەر کارەبای بە عێراق دەفرۆشت و بڕی ئەو کارەبایەش کە دەیفرۆشت جار بە جار کەم کرایەوە و نەیتوانی لەسەری بەردەوام بێت، هەر ئەوەش وای کرد عێراق هانا بۆ سعوودیە ببات و بەشێک لە کارەباکەی لەوێوە دابین بکات. ئێران پێی وایە، تەنانەت ئەگەر سزاکانی ئەمەریکاش لەسەری هەڵگیرێن ئەوا ئەو وڵاتە ناتوانێت لە داهاتوودا بازاڕی وزە کۆنترۆڵ بکات و، بەشێک لە بازاڕەکانی ناوچەکە لەدەست دەدات و، وڵاتانی تر جێگەی دەگرنەوە. پاشەکشە ئێران لە عێراق تەنیا لە بواری ئابووری و بازرگانی و وزە نییە، بەڵکوو دابەزینی کورسییەکانی گرووپ و حزبەکانی نزیک لە ئێران لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق، هێمایە بۆ کەمبوونەوەی هەژموونی وڵاتەکە بە سەر عێراقدا.

ھەواڵی زیاتر