ئەنجوومەنی وەزیران 16ملیار دینار بۆ ئیدارەی سۆران تەرخان دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری داوە 16 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ئیدارەی سۆران خەرج بکات، بەوەش ناوچەکە بووژانەوەیەکی باش بەخۆیەوە دەبینێت و بە هەزاران هەلی کار دەرەخسێت.

کاوە نەجیم، سەرۆکی شارەوانی سۆران، بۆ هەولێر دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان داوە، بڕیار دراوە ئەمساڵ 16 ملیار دینار بۆ سەرجەم کەرتەکانی ئیدارەی سۆران تەرخان بکرێت، ئێمەش وەکو شارەوانی سۆران دەرخستەی پرۆژەکانمان بۆ ئیدارەی سۆران رەوانە کردووە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بودجەیان بۆ خەرج بکرێت، بەوەش دەتوانین خزمەتی باشی هاووڵاتییان بکەین و پڕۆژەی نوێ پێ ئەنجام بدەین.
سەرۆکی شارەوانی سۆران، ئاشکراشی کرد، دەتوانین لە داهاتی ساڵانەی شارەوانی بەپێی رێنمای ئەنجوومەنی وەزیران 15% لە پڕۆژەکان خەرج بکەین، ساڵی رابردوو 270 ملیۆن دینار داهاتمان هەبووە، توانیومانە هەندێک کەم و کوڕی پێ پڕ بکەینەوە و هەندێک پرۆژە بەو بڕە پارەیەی هەبووە جێبەجێ بکەین، ئەوەش هاوکارێکی باشە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بۆ هەولێر، ڕوونی کردەوە، دوو رەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراون، ئەوەی یەکەم ملیارێک و 806 ملیۆن دینارە، بەوەش کۆمەڵێک پرۆژە لەبواری ئاو جێبەجێ دەکرێن، کێشەی ئەو گەڕەک و گوندانە چارەسەر دەکات کە بە تانکەر ئاویان بۆ دەچێت، کە ساڵانە نزیکەی 600 ملیۆن دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، کە ساڵانە ئەو بڕە پارەیە دەداتە تانکەر، لەگەڵ دابینکردنی پەمپ و مزەخە بۆ سەرچاوەکانی سەرووچاوە و سرێشمە، کە کۆن و خراپ بوونە، بابەتی دووەمیش ئەوەیە هەفتەی رابردوو سەرۆکی حکوومەت رەزامەندی دا بە دابینکردنی 416 ملیۆن دینار بۆ ئەوەی 6 پرۆژە پێ ئەنجام بدەین، ئەویش نۆژەنکردنەوەی شەبەکاتی کۆنە، کە ئەوە بۆتە کێشەی سەرەکی لە دەڤەری سۆران، چونکە شەبەکاتی زۆربەی گەڕەکەکان کۆنە، بەوەش کێشەی نۆژەنکردنەوە و دیاردەی زێدەڕۆیی کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، دەشڵێ:” زیاتر لە 33 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، تا ئێستا زیاتر لە 23 هەزار هاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە، رۆژانە ئەو هاووڵاتییانەی پێوەریان نەبەستووە داوا دەکەن، هەر هاووڵاتییەکیش پێوەری ئاو ببەستێت مانگانە پارەیەکی کەمی بۆی دێتەوە، ئەوەش هۆکارە، بۆ ئەوەی خەڵک پێوەری ئاو ببەستێت.
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ئاشکراشی کرد:” بەپێی رێنمایی ژمارە دوو کە لە10ی2ی 2021 دەرچووە، هەر هاووڵاتییەک پێوەری ئاو نەبەستێت، مانگانە 80 هەزار دیناریان بۆ هەژمار دەکرێت، پێشنیارمان کردووە دەرفەتێکی تر بدەینە هاووڵاتییان تا کۆتایی مانگی 6 بۆ ئەوەی سەردانمان بکەن، بەمەرجێک ئەو 40 مانگەی کە قەرزدارن بەهەر شێوەیەک کە 10 هەزار دینارە بۆ مانگێک بدات، ئێمە ئەو 80 هەزارەی لێ خۆشبوونی بۆ دەکەین تائێستا نەبۆتە بڕیار، بەڵام داواکاری خەڵکە، ئێمەش پشتگیری دەکەین، هەروەها لێ خۆشبوونی 15% دیاری کراوە تا کۆتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە قەرزی کەڵەکە بووی سەر هاووڵاتییان، ئەوەش دەرفەتێکی دیکەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پارەی ئاو بدەن، کە کۆی گشتی قەرزی هاوبەشانی ئاو لە سۆران، بریتییە لە 26 ملیار و 417 ملیۆن دینار”.

ھەواڵی زیاتر