وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە مانگی ئادارەوە ئەمپێری کارەبا بۆ هاوبەشان بۆ 40 ئەمپێر زیاد دەکرێتەوە، کە پێشتر بەهۆی خواست لەسەر تۆڕەکان، بۆ 30 ئەمپێر کەمکرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8/2/2022، وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا بۆ تاووتوێکردن و خستنەڕووی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی کارەبا و پڕۆژە و پلانەکانی کۆبووەوە و چەند بڕیارێکیدا.
بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی کارەبا:..
– گۆڕانکاریی لە هەندێ پۆست و بەرپرسیارێتی کران.
– بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە.
– لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە.
– کار بە سیستمی ئەلیکترۆنی و ماڵپەڕی پسولە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
– پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.
– بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران. بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.