فراکسیۆنە گەورەکانی پەرلەمان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد

چوار فراکسیۆنی گەورە و ژمارەیەک فراکسیۆنی دیکەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد کە نزیکەی 200 پەرلەمانتار دەبوون، ئەوەش وای کرد کە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دوا بخرێت.

رۆژی یەک شەممە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بایکۆتی دانیشتنی دوو شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.
بە گوێرەی بەیاننامەی کوتلەکە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و بە ئامانجی تەواوکردنی راوێژ و گفتوگۆی نێوان کوتلە سیاسییەکان، لە دانیشتنی نوێنەران بەشداری ناکەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ هەر یەک لە رەوتی سەدر و سوننەکان هەیە، هەرسێ لایەنەکە بڕیاریان دا بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەکەن تا کێشەی هۆشیار زێباری یەکلا نەکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو بابەتە ماوەیەکی زۆرە داخراوە و هیچ بەڵگەیەکی گەندەڵی لەسەر هۆشیاری زێباری نییە، بە گوتەی بەرپرسانی پارتی لە بەغدا کە بۆ هەولێر قسەیان کردووە، ئەوە ئیتیهامە بە هۆشیار زێباری دەکرێت، ئەگەرنا ئەو بابەتە کۆتایی پێ هاتووە، هەڵدانەوەی ئەو مەلەفانە بابەتێکی سیاسییە.
هەنگاوی داهاتوو، بە پێی چەند سیناریۆیەک بەڕێوە دەچێت، سەرەتا پیویستە دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی سەر بەربژێری پارتی یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات، دواتر ئەمە دەبێتە بەرچاو ڕوونیەکی یەکلاکەرەوە بۆ پارتی هاوپەیمانەکانی.
ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە ڕوون بوو، دژایەتییەکی زۆری کاندیدی پارتی و تەنانەت هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکە دەکرێت لەلایەن ئەو لایەنانەوەی کە وەک پێویست سەرکەوتوو نەبوون لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، بەڵام پێدەچێت ئەمە دوایین کارتی دەستی ئەو لایەنانە بێت و چیتر نەتوانن پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دوا بخەن.

ھەواڵی زیاتر