داهاتی عێراق زۆرە و، بۆ خۆشبژێویی دانیشتووانەکەی خەرج نەکراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لە ڕووی سەرچاوە و سامانی سروشتی یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان و، داهاتێکی ئەوەندە زۆری هەیە ئەگەر لە ڕێی گونجاودا بەکار بهێنرێت ئەوا خەڵکی تەواوی عێراق لەبەری دەحەسێنەوە. لە ڕابردوودا ئەو داهاتە ئەوەندەی بۆ مەبەستی سیاسی و بواری گەندەڵی بەکار هاتووە، لە خزمەتی دانیشتووانی ئەو وڵاتەدا خەرج نەکراوە.

وەک ئاشکرایە عێراق لە ڕابردوودا بە کۆمەڵێک نەهامەتیدا تێپەڕیوە و، لە ڕووی سامانەوە عێراق هەموو کاتێک دەوڵەمەند بووە، بەڵام بە گوێرەی قۆناغە جیاوازەکان ئەو سامانە کەمتر بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بەکار هێنراوە، تا ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس لەدەسەڵاتدا بوو، سیاسەتی سەرەڕۆیی و فراوانخوازی و هەڵگیرسانی دوو جەنگی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق و پاشان کوێت، هۆکاری سەرەکی بوون لەوەی ئەو داهاتە زۆرە نەخرێتە خزمەتی خەڵکەوە، بەڵکوو بۆ کڕینی چەک و سیاسەتەکانی سەرکوت بەکار بهێنرێن.
بۆ نموونە لە جەنگی یەکەمی کەنداو لە ئاکامی دەستدرێژیی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوێت و داگیرکردنی وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٩٠ـدا، عێراق تووشی هێرش و پاشان سەختترین سزای نێودەوڵەتی بوویەوە و سەرەڕای ئەوەی نەیدەتوانی نەوتەکەی بفرۆشێت، بەهای دینارەکەشی دابەزی و قەرزێکی زۆر لەسەری کەڵەکە بوو. تا ساڵی ڕابردووش سەرەڕای ئەوەی کە لە ٢٠٠٣ەوە ڕژێمەکە ڕووخاوە، بەڵام حکوومەتی نوێی عێراق ساڵانە بە دەیان ملیۆن دۆلاری لە بری قەرەبووی جەنگی کوێت داوەتە وڵاتەکە و کۆی قەرەبووەکە گەیشتووەتە سەرووی ٥٠ ملیار دۆلار.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە ڕژێمی بەعس ڕووخا و، دەوڵەتی نوێی فیدراڵی عێراق هاتە کایەوە و، دەرگای وڵاتانی جیهان بەڕووی عێراقدا کرانەوە و، فرۆشتنی بە لێشاوی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وای کرد، داهاتی عێراق بە خێرایی زیاد بکات. کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان ڕوویان لە عێراق کرد و پارەیەکی زۆر ڕژایە بازاڕەوە.
ئەو دۆخە نوێیە تەنیا لە هەرێمی کوردستان بە باشی قۆسترایەوە کە بە هۆیەوە بە خێرایی دەیان پڕۆژە کەوتنە بواری جێبەجێکردن، هەلی کار زیادی کرد و باری دارایی خەڵک باشتر بوو و خزمەتگوزارییەکان پەرەیان سەند، بەڵام لە عێراق بەهۆی گەندەڵیی لەڕادەبەدەر، گۆڕانکارییەکە زۆر سنووردار بوو.
کاتێک سەیری دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەکەیت و هەڵسەنگاندن بۆ باری ژیانی خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست وباشووری عێراق دەکەی! بۆت دەردەکەوێ سەرەڕای ئەو داهاتە زۆرە، خەڵکەکەی هەر لە نەهامەتی و دەستکورتی و نەبوونی خزمەتگوزاریدا ژیاون.باس لەوە دەکرێ لە ٢٠٠٣ەوە سەرووی ٤٠٠ ملیار دۆلار گەندەڵی کرابێت پارەیەک کە بەهۆیەوە دەکرا ژیانی خەڵکەکەی پێ باشتر بکرێت و وڵاتی پێ ئاوەدان بکرێتەوە.
خەڵکی عێراق لە گەندەڵی بەزاڵە هاتووە وبە گوشارخستنە سەر حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان توانیویانە هەندێک هەنگاوی ئەرێنی بنێن، ئەوان دوو حکوومەتیان ناچار بە وازهێنان کرد و بوونە هۆکاری بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو كرا و دەرەنجامەکەی بووە جێی سەرنجی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، ئەو لایەنانە سزا دران کە ڕۆڵیان لە پاشخستنی عێراقدا هەبووە.
ئومێدەکان لەسەرئەوەن هەرچی زووە حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت تا دەست بە سیاسەتی چاکسازی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە بکات. ئەگەر حکوومەتی داهاتوو لەسەر ڕێچکەی ڕابردووی بڕوات ئەوا نەهامەتییەکانیش درێژەیان دەبێت و ئەگەر ڕێچکەی چاکسازی بگرێتە بەر دەکرێ ببێت مایەی ئومێد.
بەپێیۆئاماری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی ئەو وڵاتە لەمانگی ڕابردوودا هه‌شت ملیار و ٢٧٠ملیۆن دۆلار بووە. حكوومه‌تی عێراق٩٩ملیۆن و ٢٨٦هه‌زار و ٧٨به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ررۆژێكی ده‌كاته‌ سێ ملیۆن و ٢٠٣هه‌زار به‌رمیل. له‌ومانگه‌د اتێكڕای فرۆشتنی نرخی هه‌ر به‌رمیلێك بریتی بووه‌ له‌ 83 دۆلار وپێشبینی دەکرێ لەمساڵدا نرخی نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلار و بەمەش داهاتەکە هێندەی تر بەرزدەبێتەوە.
داهاتی عێراق زۆرە و ئەوەی ئاماژەی پێکرا، تەنیا داهاتی نەوتەکەیە و لەبواری باج و سەرچاوی تر بە ملیاران دۆلاری تری دەست دەکەوێت و ئەگەر لەدەستێکی ئەمیندا بێت ئەوا دەکرێ ببێتە مایەی خۆشگوزەرانیی تەواوی دانیشتووانی عێراق.

ھەواڵی زیاتر