نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ کەمکردنەوەی جیاکاری ڕەگەزیی لە هەرێمی کوردستان دەکات


ئەنجوومەنی کاروباری خانمان وۆڕکشۆپێکی تایبەت بە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزیی لە ھەرێمی کوردستاندا بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان “UNFPA” ئەنجام دا کە وەزارەتە پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تیایدا بەشداربوون.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، خانزاد ئەحمەد لە دەستپێکی وۆڕکشۆپەکەدا تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە و گوتی: لەماوەی رابردوودا لە رێگای هەڵسەنگاندن و توێژینەوەکان هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی بزانین لە کوێدا هەڵەمان کردووە، بزانین کام ستراتیجییەت لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێم گونجاو نییە و لە کام بەش هێشتا سیاسەتەکان قەتیس ماون و جێبەجێ نەکراون، یەکێک لە خاڵەکانی پەرەپێدان بەم بوارە بریتییە لە پتەوکردنی هەماهەنگی ناوخۆیی و دەرەکیی، کاتی ئەوە هاتوو هەموو لایەک لە کەشێکی پڕ بەرپرسیاریەتییەوە پەنجە لەسەر هەڵەکان دابنێن و چارەسەری گونجیاویان بۆ بدۆزینەوە، بۆیە داوا دەکەم لەمبارەیەوە پێشنیاز و سەرنجەکان بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی بیخەینە بەردەم دەزگاکانی حکوومەت.

خانزاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەیش کرد کە بەشێکی زۆری توندوتیژییەکان لەنێو خێزانەکان ئەنجام دەدرێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە چاو بە روانگەی 2030دا بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی بتواندرێت کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی توندوتیژی بهێندرێت و لەمبارەیەوە گوتی: بەداخەوە تاک و خێزان لە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی عێراقدا بەشێکی توندوتیژیمان بەرکەوتووە، وەک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە لەسەدا 70ی توندوتیژی لەنێو خێزانەکان ئەنجام دەدرێن، بۆ رێگریکردن و کەمکردنەوەی توندوتیژیش هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بۆ هەموارکردنی یاساکان برد و لە کوێشدا پێویستی کرد، ئەوا یاسای نوێی دەکرد، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان یەکێک لەو یاسایانە بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی بۆ دانا و گشتاندنی بۆ دەرکرد و جێبەجێکردنی یاساکە هەنگاوێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەئێستاشدا حکوومەت زەمینەیەکی رەخساندووە کە لە چوارچێوەی روانگەی 2030جێی کردووەتەوە، بۆیە پێمان باشە لەگەڵ هاوکارانمان و هاوبەشەکانمان چاوێکی دیکەی پێدا بخشێنینەوە بۆ ئەوەی بابەتێکی پوخت پێشکەیش بکەین.
هاوکات نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان “UNFPA”، ریتا کۆلۆمبیا رایگەیاند کە یەکەمجارە وۆرکشۆپ و کۆبوونەوەیەکی وا رێکدەخرێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە کاری ئەوان کەمکردنەوەی جیاکاری رەگەزیی و یارمەتیدانی قوربانییەکانە.
ریتا کۆلۆمبیا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: یەکەمجارە وۆڕکشۆپێکی وا بۆ پاڵپشتی حکوومەت ئەنجام دەدرێت کە جێگای خۆشحاڵییە، بێگومان جیاوازی رەگەزیی زۆرە، کاری ئێمەیش بۆ ئەوەیە کە جیاوازی رەگەزیی کەمبکەینەوە و یارمەتی قوربانییەکان بدەین، ئەو کارە لەلایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بۆ ئەوەیە کە بتوانین لە چوارچێوەی حکوومەت لە ھەموو سێکتەرەکان جێبەجێ بکرێت و لەم بەرنامەیەدا کارەکان بریتیین لە هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوان بۆ ئەوەی ئەم جیاکاریی رەگەزییە لە کۆمەڵگەدا نەمینێت.
ریتا کۆلۆمبیا لەبارەی ئاست و جۆرەکانی توندوتیژی لە عێراقدا، گوتی: “هەرچەندە داتایەکی تایبەت نییە و هەموو حاڵەتەکان تۆمار ناکرێن، بەڵام بەپێی ئەو داتایەی لە بەشی مرۆیی لای ئێمەدا هەیە لە ساڵی 2021دا، 40 هەزار دۆسیەی توندوتیژی لە عێراق تۆمارکراوە کە بریتیی بوونە لە دەستدرێژیی سێکسیی، سووتان و کوشتن یان خۆکوشتن.
وۆڕکشۆپی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزیی لە ھەرێمی کوردستان یەک رۆژ دەخایەنێت و وەزارەتەکانی، ناوخۆ، داد، تەندروستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تیایدا بەشداردەبن و را و سەرنج و پێشنیازەکان دەخرێتەڕوو، دواتر لە رێگای هەڵسەنگان و پشتبەستن بە ئەنجامی توێژینەوەکان هەوڵدەدرێت بەرنامەکانیان لە رێگای جیاوازەوە لە چوارچێوەی حکوومەت لە ھەموو سێکتەرەکان جێبەجێ بکرێت.

ھەواڵی زیاتر