كارزان گلی – ههولێر
لە توركیا و باكووری كوردستان، نرخی كارەبا بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، كار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، بەشێكی هاووڵاتیان شەوان لە تاریكاییدا دابنیشن و رووناكایی بكوژێننەوە. هاووڵاتیانی روحای باكووری كوردستان، رژانە سەر شەقام و پڕۆتستۆی گرانی نرخی كارەبا و خۆراكیان كرد.
بە هەزاران هاووڵاتی روحا، چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا، بە دروشمی جۆراوجۆر، پڕۆتستۆی نرخی كارەبایان كرد.
هاووڵاتیان ویستیان بچنە ناو باڵەخانەی كارەباوە، بەڵام پۆلیس رێگەی پێ نەدان و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، شەڕ لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتی هەڵبگیرسێت.
هاووڵاتیان ئاماژە دەدەن، نرخی كارەبا ئەوەندە گرانە، ناتوانن مانگانە ئەو رێژە زۆرەی پارەی كارەبا بدەن، بۆیە ئەگەر نرخ هەرزان نەكرێت، ژیانیان بە تەواوی لێ تێك دەچێت.
لە تەواوی توركیا، رۆژانە بە سەدان هاووڵاتی وێنەی فاتۆرەی كارەبا بڵاو دەكەنەوە و هاواریان لێ هەستاوە، كە نرخەكە ئەوەندە زۆرە، ناچارن كارەبا بەكار نەهێنن.
هەروەها بەشێكی زۆری ئەو دوكانانەی بچووكن و پێڵاو و جلوبەرگ دەفرۆشن، لەبەر گرانیی نرخی كارەبا، لە ئێواراندا دوكانەكانیان دادەخەن و كار ناكەن.
هاووڵاتییەك بە ناوی یوسف دەمیر، كە خەڵی روحای باكووری كوردستانە، بۆ ”هەولێر“ قسەی كرد و دەڵێت، گرانی نرخی كارەبا هەراسانی كردووین.
دەمیر پێی وایە، ئەوان ناتوانن بۆ بژێوی ژیانیان مانگانە خۆراك بۆ ماڵ و منداڵیان دابین بكەن، چونكە هەموو شتێك باجی هاتووەتە سەر، كەچی كرێی كارەبا ئەوەندە گران بووە، ناتوانن بە هیچ شێوەیەك بەكاری بهێنن.
وەكو ئەوەی خۆی باسی دەكات، ئەوان ئامادەن بەردەوام خۆپیشاندان بكەن، تا نرخی كارەبا كەم بکرێتەوە.
بەڵام حكوومەتی توركیا، چەندین جار ئاماژەی داوە، كە گرانبوونی نرخی كارەبا لە دەستی ئەواندا نییە، بابەتەكە گشتی و جیهانییە، چونكە نرخی گازی سروشتی گران بووە، بەشێكی زۆری كارەبای توركیا لە رێگەی گازی سروشتییەوە دابین دەكرێت، كە گازی سروشتییش گران بوو، ناچارن ئەوانیش نرخی كارەبا گران بكەن.
لە مێردین و ئامەد و قارس، بە هەمان شێوە كاسبكاران و هاووڵاتیان نیگەرانن لە گرانبوونی نرخی كارەبا و هاواریان لێ هەستاوە كە ناتوانن پارەی كارەبا بدەن.
گۆكسەل خەتیبئۆغڵو، لە بازاڕی قارسدا دووكانی جلوبەرگی هەیە، دەڵێت پێشتر نرخی كارەبا باش بوو؛ دەمانتوانی لە دووكاندا بە ئارەزووی خۆمان و بەگوێرەی پێویستی خۆمان كارەبا بەكار بهێنین، بەڵام 100% باجی خراوەتە سەر، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانین بۆ پێویستی دوكانەكەمان كارەبا بەكاربهێنین.
گۆكسەل، باسی لەوە كرد، ئەگەر نرخی كارەبا هەروا گران بێت، ناچارە دووكانەكەی دابخات، چونكە ئەو داهاتەی مانگانە دەستی دەكەوێت، دەبێت بیداتە كرێی كارەبا.