رێكخراوی یونیسێف لە عێراق و هەرێمی كوردستان: پاشماوەی جەنگ هێندەی جەنگ منداڵمان لێ دەکوژێ

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بە پێی ڕاگەیێنراوێكی رێكخراوی یونیسێف لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لەو چەند هەفتەیەدا لە دەرئەنجامی رووداوەكانی پەیوەست بە كەرەستە تەقەمەنییەكانەوە لە دوو شوێنی عێراقدا 4 منداڵ گیانیان لەدەست داوە (3 كوڕ و 1 كچ) و 2 منداڵیش کەمئەندام کەتوونە. یونیسێف گوزارشت لە خەم و دڵنەوایی قووڵی دەكات بۆ خێزانی منداڵەكان، و هاوڕێ و كۆمەڵگەكانیان.

ئەم رێكخراوە نێودەوڵەتییە دەڵێت: “لە ساڵی 2021دا، 125 منداڵ لە سەرانسەری عێراقدا كوژران یان کەمئەندام کەوتوونە بەهۆی پاشماوەكانی جەنگ و كەرەستە نەتەقیوەكانەوە. كە 52 منداڵیان كوژران و 73یان کەمئەندام کەتوونە. لەم رووەوە پێویستە هەوڵی بەهێز و چڕتر بدرێت بۆ سنووردانان بۆ كاریگەری رولەزیادی ئەم تەقەمەنییانە، بە تایبەتی لە نێو كوڕاندا، كە ژمارەی قوربانییەكانی منداڵان بە رێژەی %67 زیادی كردووە بە بەراورد بە ساڵی 2020 ( 79 منداڵ لەو ساڵەدا، لە نێویاندا 61 كوڕ).
هەر لە راگەیێنراوەكەدا هاتووە لە كاتێكدا ئەو منداڵانەی كە كوژراون سەرقاڵی كاری رۆژانەیان بوون، وەك كۆكردنەوەی دار و تەختە. یونیسێف ئەوە بە بیری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەهێنێتەوە كە پێویستە پاراستنی سەلامەتی منداڵ پرسی سەرەكی بێت لە سەرجەم هەلومەرجەكاندا. هێشتا كەرەستە نەتەقیوەكان هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی مەدەنییەكان ببنە قوربانی، منداڵانیش بە شێوەیەكی تایبەت روبەڕوی مەترسی بوونەتەوە- كە بچووكی قەبارەیان وایان لێدەكات بكەونە ژێر كاریگەری تەواوی تەقینەوەكەوە، ئەمەش وای لێدەكات كوشندەتر بێت. و یونیسێف بەردەوام كار دەكات بۆ دەستەبەركردنی هاوكاری بۆ قوربانییەكان، و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری رەوانەكردن بۆ چارەسەری پزیشكی و پشتیوانی دەروونی لە كاتی پێویستدا.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو كە یونیسێف هانی هەموو لایەنەكان دەدات بۆ خێراكردنی سەرجەم هەوڵەكان بۆ پاككردنەوەی ئەو مین و كەرەستە نەتەقینەوانەی لە ئارادان، و برەودان بە هاوكاریكردنی قوربانییەكان لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانی منداڵان بۆ ئەوەی ژینگەیەكی سەلامەت و پارێزراویان هەبێت.
” هەروەها یونیسێف هانی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆمەكبەخشەكان دەدات تاوەكو پاڵپشت بن بۆ بەرفراوانكردن و دەستەبەركردنی چالاكییەكانی هۆشیاركردنەوە لەبارەی مەترسییەكانی كەرەستە تەقەمەنییەكان بە چەشنێك كە منداڵان و ئەندامانی دیكەی كۆمەڵگە هۆشیاری بەدەست بهێن لەبارەی مەترسی كەرەستە تەقەمەنییەكان لە قوتابخانە و كۆمەڵگەكاندا و لەسەرجەم ئەو شوێنانەی پێشتر كەوتنەژێر كاریگەریی جەنگەوە.

ھەواڵی زیاتر