پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كردەوەی تیرۆرستی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان زیاتر بووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

كردەوەی تیرۆرستی گروپی تیرۆرستی داعش، لە ناوچە كێشە لەسەرەكان تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە داقووق و دەورووبەری، بۆیە پەرلەمانتارێكی عێڕاق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت، بۆ پاراستنی ناوچەكە، داوامان كردووە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو شوێنانە و بەرگری لە خەڵكەكە بكەن.

لەو ناوچانەی كێشە لەسەرن و لە دوای 16ی ئۆتۆبەرەوە، بۆشاییەكی گەورە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عیڕاقییەكان دروست بووە، ئەمەش وای كردووە كە داعش بتوانێت گورزی گەورە بوەشێنێت و دەیان هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی.
لە ماوەی یەك هەفتەدا، لە (زەغیەتوون، رەشادییە، ئەبوشەهاب)ی سەر بە داقووق، داعش چەند كردەوەیەكی تیرۆرستی ئەنجامدا و چەند پۆلیسێكی سوپای عێڕاق كوژران و چەند هاووڵاتییەكیش بینداربوون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە داعش لەو سنوورە بەهێزە و سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە.
نەجوە كاكەیی، پەرلەمانتاری عێڕاق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ”بۆ كۆتایی هاتن بە مەترسی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كە لەبنەڕەتدا كوردستانین، تاكە رێگە گەڕانەوەی پێشمەرگەیە و ئەو داوایەشمان كردووە. لە دوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە، مەترسییەكانی داعش لە كەركووك و دەورووبەری زیادی كردووە و بەردەوامە. كوردەكان خۆیان ئازا و چاونەترسن و رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، گەرنا هێزی ئەمنی پارێزگاریان لێ ناكات“.
كاكەیی پێیوایە، گوندە كاكەییەكان لەسنووری قەزای داقووق چۆڵیان كردووە، چونكە لەو گوندانە هێزی ئەمنی كەمن و ناتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، كاتێك پێشمەرگە پاراستنی داقووق و كەركووكی لەدەست بوو، بارودۆخ زۆر باش بووە و داعش نەیتوانیوە بە هیچ شێوەیەك ببێتە مەترسی، بەڵام دوای 1٦ی ئۆكتۆبەر و رۆیشتنی پێشمەرگە، ئیدی ئەو بۆشاییە ئەمنییە گەورە بوو و داعش بەئارەزووی خۆی تەڕاتێنی تێدا دەكات.
ئەوەی مایەی نیگەرانی كوردەكانە، چۆڵكردنی گوندەكانە، چونكە هەركاتێك گوندێكی كوردی چۆڵ بكرێت لەبەر مەترسی داعش، عەرەبەكان داگیری دەكەن و زەوی و زارەكانیان بۆ خۆیان دەبەن و بەكاریدەهێنن.
بۆیە حەمید سالم، كە خەڵكی داقووقە دەڵێت: ”چەندین گوندی كوردی لەبەر ترسی داعش چۆڵكراوة، دوای ئەوانیش عەرەب هاتوون و داگیریان كردووە، بۆیە هەموو ئەو مەترسیانەی باس دەكرێن، هەر داعش نییە، بەڵكوو دەستی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەكانی تێدایە“.