هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

یه‌كێتیی ئه‌وروپا: سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌

فازڵ میرانی و بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتی ئەورووپا کۆبوونەوە.

 ئه‌مڕۆ  یه‌كشه‌ممه‌ 6 ى 2 ى 2022، له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى، پێشوازى له‌ خاتوو (ماریه‌ پارێ) به‌رپرسى ئۆفیسى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى وێڕاى به‌خێرهێنانى میوان، خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى بۆ ئه‌م دیداره ‌و پیرۆزبایى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ خاتوو (پارێ) كرد له‌ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌یدا و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و ئاماده‌یى پارتى دیموكراتى كوردستانى ده‌ربڕى بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌ پێناو سه‌رخستنى كاره‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.
له‌م دیداره‌دا، بارودۆخى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و دوایین پێشهاته‌كان و ئالنگارییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و هه‌روه‌ها دیالۆگى به‌رده‌وامى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراق، كه‌ ببێته‌ وه‌ڵامده‌رەوەى خواست و هیواى چاوه‌ڕوانكراوى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگیرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عێراق دابین بكات و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بپارێزیت، چونكه‌ سه‌قامگیریى دۆخى عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندىی هه‌موواندایه‌ و جه‌خت له‌ گرنگى هه‌ماهه‌نگى و لێکنزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرا له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان به‌ رێگاى گفتوگۆ ولێکتێگه‌یشتن.
لاى خۆیه‌وه‌، خاتوو (پارێ) پوخته‌یه‌ك له‌ كار و چالاكییه‌كانى یه‌كێتیی ئه‌ورووپاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ روو و سوپاسى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیى كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى كه‌ لێى كراوه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا، كه‌ له‌لاى یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان و عێراق گرنگه‌