هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆك بارزانی و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا بارودۆخی سیاسی عێراق تاوتوێ دەکەن

رۆژی یەكشەممە 6ـی شوباتی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا كرد كە پێكهاتبوو لە جێرۆڵد ڤۆلمەر سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و باشووری ئەوروپای وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و، ئۆسكار وستینگێر باڵیۆزی نەمسا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی كوردستان و نەمسا و جەخت لە پەرەپێدانی پیوەندییەكان و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كرایەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردن و هەنگاوە دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و، شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەقامگیریی عێراق ئەوەشیان خستەڕوو كە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژاردنێكی نموونەیی بوو.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا رووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا و، هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی جیهان و ناوچەكە تاوتوێكرا و ئەوەش دووپاتكرایەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ریشەكێشكردنی، هەوڵێكی هەمەلایەنەی جیهانی پێویستە.