سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا (ئۆستریا) كرد، پەیوەندییەکانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
ئهمڕۆ یهكشهممه 6/2/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە گیرۆڵد ڤۆڵمەر، سەرۆکی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و باشووری ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا، ئۆسکار ڤوستنگەر باڵوێزی نەمسا لە عێراق و ئوردن کرد، لە دیدارەکەدا گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان بە پێزانینەوە ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نەمسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی ئەو وڵاتە لە خەڵکی کوردستان کرد.
شاندی نەمسا خواستی وڵاتەکەیان بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا دەربڕی.
چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی کورد لە ئەورووپا و گرنگیی ڕێگرتن لە کۆچی نایاسایی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.