ئاماد عەبدولحەمید، کونسوڵی گشتیی عێراق لە ئیمارات، لەبارەی دوایین سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، دەڵێت: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەبوزەبی سەردانێکی گرنگ بوو بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولا، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقیش بەشێوەیەکی گشتی. سەردانەکەش لەکاتی خۆیدا بوو چونکی لەو ماوەی پێشووتر ئیمارات تووشی هەندێ هێرش هات، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە ڕووبەڕووی وڵاتی ئیمارات بووەوە. ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیران گرنگ بوو بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی بواری ئابووری و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و زۆربەی بوارەکانی دیکە .
هەروەها ئاماد عەبدولحەمید کونسوڵی گشتیی عێراق لە ئیمارات، لەبارەی پێشوازی و بایەخی ئەو سەردانەی مەسرور بارزانی و تێڕوانینی بەرپرسانی ئەوێ لەبارەی ئەو سەردانەوە، گوتی: زۆری خەڵکی ئیمارات و ڕۆژنامەوان و خەڵکی بازرگان بەو سەردانەی مەسرور بارزانی دڵخۆش بوون و بە هەنگاوێکی گرنگیان وەسف کرد بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا. هەروەها لەچاوی ڕاگەیاندنەکان و ئەو سەردانە لەکاتی خۆیدا بوو بەبایەخەوە باسیان لەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لەبارەی باسکردنی ئەو هێرشانەی ڕووبەڕووی ئیمارات بووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێری پایتەخت لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە، ئەوەی كە ئاخۆ ئەو پەیوەندییە چەندە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەناوچەکەدا گرنگە و هەرێمی کوردستان و ئیمارات پێك دەبەستێتەوە، گوتی: بێگومان لەڕووبەڕووبوونەوەیان و هێرشی تیرۆر بۆ سەر هەردوولا وەک یەکن و هەردوولا بێبەش نەبوون. بۆیە هاوکاری و لێکگەیشتن و لێک نزیکبوونەوەیان لەسەر ئەم بابەتە لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ هەردوو لا گرنگە.
هەروەها لەبارەی حەز و ویستی کۆمپانیاکانی ئیمارات بۆ ئەوەی ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن بەمەبەستی کارکردن، کونسوڵی عێراق لە ئیمارات گوتی: ئەوە حەز و خواستی بەشی زۆری کۆمپانیاکانی ئیماراتە بێن بۆ عێراق کاری وەبەرهێنان بکەن، بەڵام زیاتر حەز دەکەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان کار بکەن بەهۆی دەرفەتی کاری زیاتر و ئەو ڕەوشە هێمن و ئارامەی لەکوردستان هەیە کە بێگومان بۆ ئەوان باشترە، بەتایبەتیش لەبواری گەشتوگوزار و بواری کشتوکاڵ و زۆربەی بوارەکانی دیکە .
سەبارەت بەو پێشکەوتنانەی وڵاتی ئیمارات و گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گواستنەوەی ئەو پێشکەوتنانە بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماد عەبدولحەمید، دەڵێت: ئەوان لەهەموو دانیشتن و کۆبوونەوەکان ئامادەیی ئەوەیان دەربڕیوە کە چی بەوان بکرێت دەیکەن بەتایبەتیش لەڕووی کاروباری ئیدارییەوە . لەمانگی ١٠ ش ڕێککەوتن و تێگەیشتنێک لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ئیمارات دروستبوو بۆ حکوومەتی ئەلکترۆنی، کە ئەوان پێی دەڵێن (حکوومە ڕشیدە) . هیوادارین کوردستانیش سوود لەو ڕێککەوتنەی نێوان هەردوو لا ببینێت. وەک ئاماژەم پێ دا ئەوان هەمیشە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیی وڵاتی عێراق و بەتایبەتیش بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر ئەو خواستەیان هەیە بێن گرێبەستێک یان ڕێککەوتنێک بکەن لەهەموو ئەو بوارانەی دەتوانن کاری وەبەرهێنانی تێدا بكەن.
کونسوڵی گشتی عێراق لە ئیمارات، باسی لە گرنگیی دۆخی ئارامی هەرێمی کوردستان کرد، کە وای کردووە وڵاتان و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ئارەزوو بکەن ڕووی لێ بکەن و گوتی: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا وەبەرهێنەرانی ئیمارات حەز دەکەن بێن کاری وەبەرهێنان لەکوردستان بکەن، دەشزانن کوردستان لەنێو عێراقدا ئارامترین شوێنە و لەوێوە هەنگاو بۆ عێراق بهاوێژن، ئەوان لەوە دڵنیان و دەزانن کوردستان لەڕەوشێکی ئارام و هێمندایە و دەتوانن هەنگاوەکانیان لەوێوە دەست پێبکەن و کاری وەبەرهێنان بکەن.