له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی، شاندێكی حكوومه‌ت گه‌یشتنه‌ یۆنان 

راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ رایگه‌یاند، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، شاندێك ده‌چنه‌ یۆنان بۆ وردبینی و سه‌رپه‌رشتیی پڕۆسه‌ی پشكنینی ئه‌و ته‌رمانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌ناسراونه‌ته‌وه، هاوكات ئه‌و كوڕه‌ش ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، كه‌ دایك و باوك و خوشك و براكانی گیانیان له‌ده‌ست دا‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3/2/2022، سامی جەلال، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگه‌یاند: له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنان، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی سه‌رپه‌رشتیكردنی پڕۆسه‌ی پشكنینی (DNA) بۆ قوربانیانی نقوومبووی یه‌ختێك له‌ ده‌ریای ئیجه‌.

سامی جه‌لال، باسی له‌وه‌ش كردووه‌: سامپڵی خوێنی كه‌سوكاری قوربانیان له‌لایه‌ن به‌ڵگه‌ی تاوانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراوه‌ و شاندی حكوومه‌ت بردوویه‌تیه‌ یۆنان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: شانده‌كه‌ له‌ خۆی و ڕاوێژكاری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و سه‌لیم پاشا پێك هاتووه‌، كاره‌ یاساییه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕێواری ته‌مه‌ن 11 ساڵان بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌كرێت، كه دواى گيان له‌ده‌ستدانى دايك و باوك و خوشك و براكانى له ده‌رياى ئيجه له يۆنان، به‌ ته‌نیا ماوه‌ته‌وه‌.