وەزارەتی کارەبا: بەهۆی پرۆژەی پێوەری زیرەک سووتانی گۆڕەر کەمتر بووەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە بەهۆی پێوەری زیرەک سووتانی گۆڕەر بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/2/2022، وەزارەتی کارەبا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە کە لە ماوەی ساڵی رابردوو، سووتانی گۆڕەری کارەبا بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی پێشتر، بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەم بووەتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ساڵی 2018، لە کۆی 48 هەزار و 852 گۆڕەر، هەزار و 493 گۆڕەر سووتاون، لە ساڵی 2019، لە کۆی 52 هەزار و 577 گۆڕەر، هەزار و 487 سووتاون، لە ساڵی 2020، لە کۆی 54 هەزار 296 گۆڕەر، هەزار و 396 گۆڕەر سووتاون و لە ساڵی 2021، لە کۆی (57 هەزار و 945 گۆڕەر، 856 گۆڕەر سووتاون.

ئەوەش خراوەتە روو کە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی گۆڕەڕەکانی کارەبا، گۆڕەرێکی کەمتر سووتاوە، بەڵام لە ساڵی 2021، بەهۆی پرۆژەی پێوەری زیرەکەوە، سوتانی گۆڕەر کەمتر بووەتەوە و سووتانەکەشیان تەنیا لەو شوێنانە بووە، کە پێوەری زیرەکی بۆ نەبەستراوە.

ھەواڵی زیاتر