سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین دەستبەکاربوو

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتى د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو و د. کامەران یوونس لە جێگەى د. جەوهەر فەتاح وەک سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین دەستبەکاربوو و ئاڵوگۆڕى پۆستەکەیان لەگەڵ یەکتر ئەنجام دا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا هەوڵ و کارەکانى د. جەوهەر فەتاح سەرۆکى پێشووى زانکۆى سەڵاحەدین و د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى پێشووترى زانکۆى سەڵاحەدینى بەرز نرخاند، کە بەشێکى زۆرى کارەکانیان تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و شارى هەولێر، هەروەها داواشى لە ستافى زانکۆ کرد وەک یەک تیم هاوکار و پشتگیرى د. کامەران یوونس سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین بکەن بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئەرکە زانستییە. لەو چوارچێوەیەشدا وەک هەمیشە پشتگیرى و پاڵپشتى وەزارەتى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین دووپات کردەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیشی کردەوە كه‌ لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا سەربارى گرفت و ئاڵنگارییەکانى زانکۆکان، توانیمان لەسەر پێى خۆمان بووەستین و پێکەوە ڕووبەڕووى هەموو ئەو گرفت و قەیرانانە ببینەوە کە لە ئەنجامى دەرهاویشتەکانى پەتاى جیهانى کۆرۆنا و دۆخى سیاسى و ئابوورى هاتەڕێمان، بۆ ئەمەش بەیەکەوە توانیمان لە ڕێگەى پەیرەوکردنى باشترین سیستمى خوێندن، پرۆسەى خوێندن بپارێزین و نەهێڵێن ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان ساڵەکانى خوێندنیان لە کیس بچێت.

لەبارەى کرانەوەى زیاترى زانکۆکانیش بە ڕووى دونیا، وەزیرى خوێندنى باڵا ستافى زانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆکانى ترى کوردستانى ڕاسپارد سوود لە ئەزموون و شارەزایى وڵاتانى دونیا وەربگرن بۆ ئەوەى باشتر ئاستى زانکۆکان لە پێشکەوتندا بێت، وەک چۆن سەربارى گرفت و کێشەکان زانکۆکانمان توانیویانە لە ڕیزبەندە جیهانییەکاندا پێش بکەون و چاوەڕوانیشمان ئەوەیە هەنگاوى باشتر بنێن.

ھەواڵی زیاتر