پارێزگای هەولێر لەبارەى تاپۆکردنى خانووە زیادەڕۆکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان لە پارێزگای هەولێر، گفتوگۆ لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو خانووانەى کە لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەکان ناگونجێن کرا.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەسەر پەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا. 

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.2.2، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى ئەندامانی لیژنە، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەدواداچوونى بۆ بڕیارەکانى کۆبوونەوەى پێشووى لیژەکە کرد بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنیان، پاشان بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى ترى تایبەتمەند لە کەسانى شارەزاى هونەرى بۆ دیراسەتکردنى واقیعى خانووە زێدەڕۆکان و هەموو ئەوانەى کە بەر شەقام دەکەون و ئەوانەشى کە لەسەر ناوچەى سەوزایی دروستکراون.

پاشان گفتوگۆ لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو خانووانەى کە لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەکان ناگونجێن و پێویستن هەڵبگیرێن و چارەسەرکردنى کێشەى ئەو زەویانەى کە کارتیان هەیە بەڵام دۆسیەکانیان نەماوە کرا.

لەکۆتایدا، جەخت لە جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021 پەرلەمانى کوردستان تایبەت بە بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکانە لەسنووری شارەوانییەکان کرایەوە و لەوبارەیەشەوە داواکرا ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان لە جێبەجێکردن و رایکردنی مامەڵەکانییان بکرێت و هاووڵاتییان ئاگاداربکرێنەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان بە لیژنەکان بۆ تاپۆکردنى خانووەکانیان.

ھەواڵی زیاتر